وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، چوارەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاڕاستەی بانكی بازرگانیی عێراق كرا.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی پێنجشەمە لە چوارچێوەی پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە رێگای پڕۆژەی هەژماری من و بە پشتبەستن بە رێككەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ بانكی بازرگانیی عێراق بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەك، وەزارەتی دارایی و ئابوری زانیاریی 539 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستانی نارد.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەچوارچێوەی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم و بانكی بازرگانیی عێراقی، حكومەتی هەرێم بەردەوامدەبێت لە ئامادەكردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران كە ئەم بانكە لە نێوان هەشت بانكەكانی ناو پڕۆژەی هەژماری من هەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پڕۆسەیەی كە بانكی ناوەندیی عێراق پەسەندیكردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانكەكە ئامادە
دەكات.
ئاشكراشیكرد، بە ناردنی ئەم لیستەی داتای فەرمانبەرانیش، ژمارەی داتای فەرمانبەرانی نێردراو ئێستا دەگاتە سێ هەزار و 917 فەرمانبەر كە لە نێویشیاندا 368 یان كارتەكانیان بۆ چاپكراوە و رادەستی تیمی هەژماری من كراوە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشدا ئاشكرایكردووە، وەك وەزارەتی دارایی و ئابوری چاوەڕوانین بانكی بازرگانیی عێراق بە زووترین كات دەست بە كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی خوازیاربكات و قۆناغ بە قۆناغ كارتی بانكی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بگەڕێنێتەوە.