وەزارەتی دارایی عێراق خەرجكردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم رادەگەیەنێت.
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، فەرمانگەی ژمێریاری سەر بە وەزارەتەكەیان ئەمڕۆ دەستیكرد بە پارەداركردن (تمویل)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە مووچەخۆرانی شارستانی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و چاودێریی كۆمەڵایەتی، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، گرێبەست و شایستەی فەرمانگەكانی هەرێم.
روونیشیكردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی تەرخانكراوی شایستەی مانگی ئایاری 2024دایە.
رۆژی سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ كرد.
ئەوەش لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان مووچەی مانگی نیسان-یان وەرنەگرتووە.