فەرمانگەی پرۆتۆکۆڵ لە دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، ئاگادارییەکی بۆ زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی 43 ئۆتۆمبێل بڵاو کردووەتەوە و مەرجەکانی کڕینی ئاشکراکردووە.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، فرۆشتنەکە بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت و لە رۆژی یەکشەممە، 9ی6ی2024 لە گەراجی فەرمانگەی پڕۆتۆکۆڵ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەداوە، هەرکەس نیازی بەشداریکردنی هەیە، سەردانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتیی گرێبەستەکان و خانووبەرە بکات.
لەبارەی مەرجەکانەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، پێویستە چەکی پەسەندکراو بە بڕی 360 ملیۆن دینار دابندرێت و ئەو کەسەیزیادکردنەکە دەباتەوە، رسوومات و خەرجییەکانی ئەم ئاگادارییە دەکەوێتە سەر ئەستۆی.
هاوکات، ئاماژە بەوەدراوە، فرۆشتنەکان بە نەختینەیی دەبێت و دیناری عێراقی وەردەگیرێت و کڕیار پێویستە لەماوەی پێنج رۆژدا ئۆتۆمبێلەکان بگوازێتەوە و رێژەی 2% لە کۆی فرۆشتنەکە زیاد دەبێت.