لە دوێنێوە ژمارەیەک حاجی کورد لە عەرەبستانی سعودیە دەستگیرکراون، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانیش دەڵێت، ئێمە ئاگادارنین.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە، ژمارەیەک حاجی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 50 کەس دەبن، دوای ئەوەی بە شێوەی نارەسمی بەمەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج روویان لە سعودیە کردووە لە دوێنێ چوارشەممەوە دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادیارە.
تەها سەعید بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئێمە ئاگاداری دەستگیرکردنی هیچ حاجییەک نین لە سعودیە و هیچ زانیارییەکمان بەدەستنەگەیشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە و حەج و عومرەی عێراقیش تەنها بەرپرسیارێتی ئەو حاجیانە لە ئەستۆ دەگرین کە بەشێوەی فەرمی ناویان هاتووەتەوە و چوونەتە ئەو وڵاتە و باج و دەستەوانەی تایبەتیان بۆ کراوە و جی پی ئێسیان پێوەیە، هاوکات خێمە و پێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوە.
ئاشکراشیکرد، ئەگەر دەستگیرکردنی ئەو حاجیانە راستبێت، ئێمە ناتوانین هیچیان بۆ بکەین، ئەوان لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان و بە رێگای جیاواز رۆیشتوون.