سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایان دەرئەنجامی سەردانی دوو رۆژی رابردوویان بۆ بەغداد ئاشكرادەكات و دەشڵێت، “لە كۆبوونەوەمان لە بەغداد بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی مووچە و دەستپێكردنی بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دراوە”.
عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، وەكو رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایان سەردانی بەغدامان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی داد و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراقدا كۆبووینەوە و بەڵێنیاندا كە هاوكارمان بن بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و هەوڵی جددی بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆران بدرێت كە مافێكی یاسایی مووچەخۆرانە.
وتیشی، ” دواتر لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق كۆبووینەوە و جەختی لە چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كردەوە و بەڵێنیدا بەهەموو شێوەیەك هاوكاربێت لە چارەسەركردنی كێشەی مووچە و جگەلەوەش سەرجەم ئەو لایەنانەی كە كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجامدان بەڵێنیان پێداین هاوكاربن لە چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمدا”.