رێكخراوێكی بواری كۆچبەران رایدەگەیەنێت، سەرەڕای رێگرییەكان لە ئەمساڵدا زیاتر لە 10 هەزار كۆچبەر لەڕێی كەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 10 هەزار کەس کەناڵی ئینگلیزییان بەزاندووە. ئەم ژمارەیە گومانی خستۆتەسەر کاریگەریی سیاسەتەکانی بەریتانیا بۆ سنووردارکردنی کۆچبەران پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەو وڵاتە کە بڕیارە لە 4ی تەمموز ئەنجام بدرێت.
دەشڵێت، بەپێی ئامارەكە، ژمارەی كۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی 35% زیادیكردووە.
رێكخراوەكە ئاماژە بەوەدەكات، زیادبوونی ژمارەكە ئالنگارییەكی بەرچاوە بۆ ریشی سۆناك-ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، كە وەستاندنی بەزاندنی بەلەمی بچووکی لە كەناڵەكەوە كردووە بە بەردی بناغەی ئیدارەکەی.
ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی ئێستا پرسیار لەسەر پابەندبوونە داراییەکانی بەریتانیا لە چوارچێوەی رێککەوتنی مشتومڕاوی رواندا دروستدەکات، کە یەکێکە لەو بەرنامانەی مەبەست لێی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییە.
بەپێی ئەو بەرنامەیە، بەریتانیا ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن دەنێرێت بۆ رواندا و لەوێ داواکارییەکەیان بۆ پاراستن تاوتوێی و جێبەجێ دەكرێت.