نەخۆشیی سکلێرۆدێرما چییە؟

سکلێرۆدێرما خۆییەبەرگرییە نەخۆشییە، کە دەبێتە هۆی هەوکردن و بەڕیشاڵبوون (ئەستووربوون) لە پێست و بەشەکانی دیکەی جەستەدا. لەم نەخۆشییەدا وەڵامدانەوەی بەرگریی شانەکان بەهەڵەدا دەبات بەجۆرێک وابیردەکەنەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمە دەبێتە هۆی هەوکردن و جەستە کۆلاجینی لە رادەبەدەر بەرهەمدەهێنێت و دەبێتە هۆی سکلێرۆدێرما. کۆلاجینی لە رادەبەدەر لە پێست و شانەکانی دیکەدا دەبێتە هۆی توندبوون و رەقبوونی پێستەکە. رەنگە سکلێرۆدێرما زۆرێک لە کۆئەندامەکانی دیکەی جەستەت بگرێتەوە.

دوو جۆری سەرەکی سکلێرۆدێرما هەیە:
● سکلێرۆدێرمای ناوچەیی تەنها کاردەکاتە سەر پێست و ئەو چینانەی راستەوخۆ دەکەونە ژێر پێستەکەوە.
● سکلێرۆدێرمای کۆئەندامیی، هەروەها بە رەقبوونی کۆئەندامییش ناسراوە، کاردەکاتە سەر زۆرێک لە کۆئەندامەکانی جەستە. ئەم جۆرەی سکلێرۆدێرما لە جۆرەکەی دیکە مەترسیدارترە و دەکرێت زیان بە لولەکانی خوێن و ئەندامەکانی ناوەوەت بگەیەنێت، وەک دڵ، سییەکان و گورچیلەکان. ئەم جۆرەشیان بەسەر دوو کۆمەڵەی دیکەدا دابەشدەبێت، ناودەبرێن بە “سنوردار” و “بەربڵاوو”، کە نیشاندەری ئەوەیە نەخۆشییەکە چەندێکی پێستەکەی تووشکردووە.

هیچ چارەسەرێکی بنبڕکەر بۆ نەخۆشییەکە نییە، ئامانج لە چارەسەرەکان سوککردنی نیشانەکان و وەستاندنی بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکەیە. زوو دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی بەردەوام گرنگن.

چی لە سکلێرۆدێرمادا روودەدات؟
هۆکاری توشبوون بە نەخۆشییەکە نادیارە، بەڵام توێژەران وای بۆ دەچن، کە بەرگرییە کۆئەندام وەڵامدانەوەی لە رادەبەدەری هەیە و دەبێتە هۆی هەوکردن و زیان بەو خانانە دەگەیەنێت، کە لولەکانی خوێن پێکدەهێنن. ئەمە پاڵنەرێکە بۆ خانەکانی بەستەرە شانە، بەتایبەتی ئەو جۆرە خانەیەی پێیدەگوترێت فایبرۆبڵاستەکان، بۆئەوەی کۆلاجین و پرۆتینی دیکەی لە رادەبەدەر بەرهەمبهێنن. خانەکانی فایبرۆبڵاست زیاتر لە کاتی ئاسایی خۆیان دەمێننەوە و دەبنە هۆی کۆبوونەوەی کۆلاجین لە پێست و ئەندامەکانی دیکەدا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئاماژە و نیشانەکانی سکلێرۆدێرما. هەروەها مانەوەی ئەم خانانەش دەکرێت زیان بە لولەکانی خوێن بگەیەنێت.

کێ تووشی سکلێرۆدێرما دەبێت؟
دەکرێت هەموو کەسێک تووشی سکلێرۆدێرما ببێت، بەڵام هەندێک کۆمەڵە مەترسی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە تیایاندا زیاترە. رەنگە ئەم هۆکارانەی خوارەوە کاریگەرییان لەسەر مەترسی توشبوونت هەبێت:

● رەگەز. سکلێرۆدێرما لە خانماندا بەربڵاووترە وەک لە پیاوان.
● تەمەن. بەگشتی ئەم نەخۆشییە لە نێوان تەمەنی 30 بۆ 50 ساڵیدا دەردەکەوێت و لەناو کەسانی پێگەیشتوودا بەربڵاووترە وەک لە منداڵان.
● رەچەڵەک. دەکرێت سکلێرۆدێرما کاربکاتە سەر خەڵکی سەر بە هەموو کۆمەڵە رەچەڵەک و نەژادێک، بەڵام نەخۆشییەکە دەکرێت زیاتر زیان بە ئەمریکییە بەڕەچەڵەک ئەفریقییەکان بگەیەنێت.

بۆ نمونە:
o ئەم نەخۆشییە لەناو ئەمریکییە بە رەچەڵەک ئەفریقییەکاندا بەربڵاوترە وەک لە ئەمریکییە بە رەچەڵەک ئەوروپییەکان.
o ئەو ئەمریکییە بە رەچەڵەک ئەفریقییانەی تووشبووی سکلێرۆدێرمان، نەخۆشییەکە لە تەمەنێکی گەنجتردا تیایاندا تەشەنەدەکات لەکاتی بەراوردکردنیان بە کۆمەڵەکانی دیکە.
o ئەمریکییە بە رەچەڵەک ئەفریقییەکان ئەگەری تووشبوونی پێستیان بە نەخۆشیەکە و نەخۆشی سییەکان تیادا زیاترە لەکاتی بەراوردکردنیان بە کۆمەڵەکانی دیکە.

جۆرەکانی سکلێرۆدێرما
● سکلێرۆدێرمای ناوچەیی کاردەکاتە سەر پێست و شانەکانی ژێر پێست. ئەم جۆرەیان لەناو منداڵاندا بەربڵاووترە، بەڵام دەکرێت لە کەسانی پێگەیشتووشدا دەربکەوێت. بەگشتی بە یەکێک لەم شێوازانەی خوارەوە یان بە هەردووکیان دەردەکەوێت:
o مۆرفیا، یان پەڵەی سکلێرۆدێرمایی، کە ڕەنگە تیرەکەی نیو ئینج یان زیاتربێت.
o سکلێرۆدێرمای هێڵی، کاتێک ڕوودەدات کە ئەستووربوونی سکلێرۆدێرمایی بەشێوەی هێڵێک دەردەکەوێت، ئەمەش بەگشتی بۆ بەشی خوارەوەی دەست یان قاچ درێژدەبێتەوە، بەڵام هەندێکجاریش بەرەو ناوچەوان و دەموچاو دەڕوات.
● سکلێرۆدێرمای کۆئەندامیی، هەندێکجار بە ڕەقبوونی کۆئەندامیی ناودەبرێت، کاردەکاتە سەر پێست، شانەکان، لولەکانی خوێن و ئەندامە سەرەکییەکانت. بەگشتی، لەسەر بنەمای ڕێژەی توشبوونی پێستەکە پزیشکەکان سکلێرۆدێرمای کۆئەندامیی بەسەر دوو جۆردا دابەشدەکەن:
o سکلێرۆدێرمای پێستیی سنوردار، کە وردە وردە زیاددەکات و کاردەکاتە سەر پێستی پەنجەکان، دەست، دەموچاو، باسک و پوزت.
o سکلێرۆدێرمای پێستیی بەربڵاوو، کە خێراتر دەردەکەوێت و سەرەتا بەشێوەیەکی سنوردار لە پەنجەکانی دەست و قاچدا سەرهەڵدەدات، بەڵام دواتر لە ئانیشک و ئەژنۆکانەوە درێژدەبێتەوە تا دەگاتە باڵ، ناوقەد یان ڕان. بەگشتی ئەم جۆرەیان زیانی زیاتر بە ئەندامەکانی ناوەوە دەگەیەنێت.

نیشانەکانی سکلێرۆدێرما
نیشانەکانی سکلێرۆدێرما لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت لەسەر بنەمای جۆری ئەو سکلێرۆدێرمایەی کە توشت بووە.

سکلێرۆدێرمای ناوچەیی بەزۆری دەبێتە هۆی پەڵەی پێستیی ئەستوور و ڕەق بەیەکێک لەم دوو شێوازەی خوارەوە:

● مۆرفیا دەبێتە هۆی ئەستووربوونی پەڵەی پێستەکە تاوەکو دەیکاتە ناوچەیەکی شێوە هێلکەیی پتەو، لەوانەیە ئەم ناوچانە بەڕواڵەت زەرد و لوس دەربکەون و بەلێوارێکی سورباو یان خوێن تێزاو تەنرابن. ڕەنگە ئەم پەڵانە لەیەک ناوچەدا بمێننەوە یان بە ناوچەکانی دیکەی پێستدا بڵاووببنەوە. بەگشتی ئەم نەخۆشییە بە تێپەڕبوونی کات ناچالاک دەبێت، بەڵام ڕەنگە هێشتا پەڵەی ڕەش لەسەر پێستت بمێنێت، هەروەها هەندێک توشبوو، شەکەتبوون (هەستکردن بە ماندوویەتی) تیایاندا دەردەکەوێت.
● سکلێرۆدێرمای هێڵی دەبێتە هۆی پەیدابوونی هێڵی ئەستووربوو یان دوو ڕەنگبوونی پێستەکە، کە بۆ پەلەکانت و بە دەگمەنیش بەرەو ناوچاوان دەڕوات.

ڕەنگە سکلێرۆدێرمای کۆئەندامیی، کە بە ڕەقبوونی کۆئەندامییش ناسراوە، بەخێرایی یان وردە وردە دەربکەوێت و هەروەها ڕەنگە سەرباری پێستەکە کێشە لە ئەندامەکانی ناوەوەشتدا دروستبکات. زۆرێک لە توشبووانی ئەم جۆرەی سکلێرۆدێرما شەکەتییان تێدا دەردەکەوێت.

● سکلێرۆدێرمای پێستیی سنوردار وردە وردە دەردەکەوێت و بەگشتی کاردەکاتە سەر پێستی پەنجەکان، دەست، دەموچاو، باسک و پوزت، بەزۆری دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی لە لولەکانی خوێن و سورێنچکدا. ئەم جۆرە سنوردارە کەمتر ئەندامە سەرەکییەکانی ناوەوەت توشی نەخۆشی دەکات، وەک نەخۆشی گورچیلەکان یان نەخۆشی گەشەکردووی سییەکان، بەڵام بەگشتی ئەم جۆرەیان سوکترە لە جۆرە بەربڵاووەکە.
● سکلێرۆدێرمای پێستیی بەربڵاوو لەناکاو و بەگشتی لەڕێی ئەستووربوونی پێستی پەنجەکانی دەست یان قاچەوە دەردەکەوێت. دواتر ئەم ئەستووربوونی پێستە بە هەموو جەستەتدا لە سەروو ئانیشک و/یان ئەژنۆکانتەوە بڵاو دەبێتەوە. دەکرێت ئەم جۆرەیان زیان بە ئەندامەکانی ناوەوەت بگەیەنێت، وەک:
● هەر ئەندامێکی کۆئەندامی هەرست.
● سییەکانت.
● گورچیلەکانت.
●دڵت.

هۆکارەکانی تووشبوون بە سکلێرۆدێرما
توێژەران هۆکاری تەواوەتی توشبوون بە سکلێرۆدێرما نازانن، بەڵام گومانی ئەوە دەکەن کە ڕەنگە چەند هۆکارێک ببنە هۆی توشبوون بە نەخۆشییەکە:

● پێکهاتەی بۆماوەیی. لە هەندێک کەسدا دەکرێت بۆهێڵەکان هەلی تەشەنەکردنی سکلێرۆدێرما زیادبکەن و ڕۆڵیشیان هەبێت لە دیاریکردنی جۆری ئەو سکلێرۆدێرمایەی کە توشیان بووە. ئەم نەخۆشییە بۆماوەیی بۆت نامێنێتەوە و وەک هەندێک نەخۆشی بۆماوەیی لە دایک و باوکەوە بۆ منداڵەکانیان ناگوازرێتەوە، بەڵام کەسی پلە یەکی توشبووانی سکلێرۆدێرما، مەترسی دەرکەوتنی نەخۆشییەکەیان لەچاو کەسانی ئاسایی تیادا زیاترە.
● ژینگە. توێژەران گومان دەکەن بەرکەوتن بە هەندێک لە کارتێکەرە ژینگەییەکانی وەک هەندێک ماددەی کیمیایی ڕەنگە ببێتە پاڵنەر بۆ توشبوون بە سکلێرۆدێرما.
● گۆڕان لە بەرگرییە کۆئەندامدا. بەرگری نائاسایی یان کرداری هەوکردن لە جەستەتدا، دەبێتە پاڵنەر بۆ گۆڕان لە فەرمانی خانەکاندا، کە هۆکارە بۆ بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر کۆلاجین. لە هەندێک باردا وەڵامدانەوەی بەرگری جەستە بەرامبەر بە تەشەنەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان ڕەنگە ببێتە پاڵنەر بۆ توشبوون بە سکلێرۆدێرما.
● هۆڕمۆن. زۆربەی جۆرەکانی سکلێرۆدێرما زیاتر لە ئافرەتاندا دەردەکەون بە بەراورد بە پیاوان. توێژەران گومان لەوە دەکەن کە ڕەنگە جیاوازی پێکهاتەی هۆڕمۆنیی یان بەرگری لەشی نێوان پیاوان و ئافرەتان ڕۆڵی هەبێت لە توشبوون بە نەخۆشییەکەدا.

سکلێرۆدێرما: دەستنیشانکردن، چارەسەرکردن و ئەو هەنگاوانەی پێویستە بگیرێنەبەر

دەستنیشانکردنی سکلێرۆدێرما
دەکرێت دەستنیشانکردنی سکلێرۆدێرما بۆ پزیشکەکان قورس بێت چونکە نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێن و نیشانەکانی هاوشێوەی هەندێک نەخۆشی دیکەن. هیچ پشکنینێکی دیاریکراو بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە نییە، لەبری ئەوە پزیشکەکان کۆمەڵێک لەم ڕێکارانەی خوارەوە بەکاردەهێنن، کە یارمەتیدەرن بۆ دەستنیشانکردنی سکلێرۆدێرما. ڕەنگە پزیشکەکەت داوای ئەمانەت لێبکات :

● هەبوونی پێشینەی نەخۆشی.
● نیشانەکانی ئێستا و پێشووت.
● ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی جەستەیی.

رەنگە پزیشکەکەت پێشنیاری پشکنینی زیادەت بۆ بکات، وەک:

● داواکردنی پشکنینی تاقیگەیی بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی دژەتەنە دیاریکراوەکان کە بەهەڵە کاردانەوەیان دەبێت و شانەکانی خۆت دەکەنە ئامانج. ڕەنگە هەندێک لە دژەتەنەکان لەنێوان توشبووانی سکلێرۆدێرمادا باو بن، بەڵام ڕەنگە دژەتەنەکان بەهۆی هۆکاری دیکەوە تەشەنە بکەن، هەر بۆیە بەتەنها پشکنینی خوێن دەستنیشانی نەخۆشییەکە ناکات.
● ئەنجامدانی شانەدەرکێشی بۆ پێست.

رەنگە پزیشکەکەت داوای پشکنینی زیاتر بکات بۆ دۆزینەوەی کێشەی ئەندامەکانی ناوەوە، وەک کێشەکانی دڵ، سییەکان یان گورچیلەکان. زوو دەستنیشانکردنی توشبوونی ئەندامەکان یارمەتی پزیشکەکان دەدات لە مامەڵەکردن و جڵەوکردنی نەخۆشییەکە. ڕەنگە پشکنینەکان ئەمانەبن:

● وێنەگرتن بە تیشکی بڕگەیی بەکۆمپیتەرکراو، کە پشکنەری تیشکیی بەکاردەهێندرێت بۆ گرتنی وێنەی سییەکان و ئەندامەکانی دیکە.
● سۆنەری دڵ، کە تیایدا شەپۆلی دەنگی بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی وێنەی جوڵاوی دڵت.
● پشکنینی ڕێژەی چالاکی سییەکان، کە ڕێژەی چالاکی ئەندامەکە دیاریدەکات.

چارەسەری سکلێرۆدێرما
چارەسەرەکەت بەندە لەسەر نیشانەکان و جۆری ئەو سکلێرۆدێرمایەی تووشتبووە و کام لە شانە و ئەندامەکانت کاریان تێکراوە. دەکرێت چارەسەرەکان یارمەتی جڵەوکردنی نیشانەکان بدەن و سنورێک بۆ زیانەکان دابنێن.

رەنگە پزیشکەکەت پێشنیاری ئەم دەرمانانەی خوارەوەت بۆ بکات:
● دەرمانی دژە هەوکردن، بۆ جڵەوکردنی ئازارەکە و کەمکردنەوەی ئاوساوی.
●کرێمی پێست، بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ گۆڕانەکانی پێست، وەک وشکبوون و خوران.
● دەرمانی دامرکێنەرەوەی بەرگرییە کۆئەندام، کە ڕەنگە بەرگرییە کۆئەندامی چالاک دابمرکێنێتەوە و یارمەتی جڵەوکردنی هەندێک لە لایەنەکانی نەخۆشییەکە بدات. ڕەنگە پزیشکەکەت دەرمانی دامرکێنەرەوەی بەرگرییە کۆئەندامت بۆ بنوسێت، کە لەڕێگەی دەم، کانۆلا یان دەرزییەوە وەریبگریت.
● دەرمانی فراوانکەری لولەکانی خوێن، یارمەتی کشان (فراوانبوونی) لولەکانی خوێن دەدات، کە ڕەنگە مامەڵە لەگەڵ هەندێک لە کێشەی سییەکان و دیاردەی ڕایناود بکات، کە دیاردەیەکە لولەکانی خوێن تەسک دەکاتەوە.

سەرباری ئەمانەش ڕەنگە پزیشکەکەت ئەو دەرمانانەت بۆ بنوسێت کە بەزۆری پەسەندکراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە ڕۆماتیزمییەکانی دیکە کە نیشانەکانیان هاوشێوەی نیشانەکانی سکلێرۆدێرمان.

زۆربەی توشبووەکان سوود لە چارەسەرە سروشتی یان پیشەییەکان دەبینن بۆ:

● ڕەواندنەوەی ئازار.
● باشترکردنی توانای جوڵە و بەهێزی ماسولکە، وەک ماسولکەی پەلەکان و شەویلگەت.
● فێرکردنی کۆمەڵە ڕێگایەک بۆ یارمەتیدانت لە چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا. بۆنموونە، ئەگەر ددان شۆردنت لا قورس بوو بەهۆی ڕەقبوون و ئازاری دەستەکانت، دەکرێت چارەسەرکارێک پێشنیاری فڵچەی ددانشۆردن و ئەو ئامێرانەت بۆ بکات کە ددان پاککردنەوەت بۆ ئاسانتر دەکەن.

چاودێریکردنی بەردەوامی ددانەکان گرنگە چونکە دەکرێت سکلێرۆدێرما ناو دەمت وشک بکاتەوە و زیان بە بەستەرە شانەکانی ناوی بگەیەنێت، کلۆربوونی ددان خێراتر بکات و ببێتە هۆی لەقینی ددانەکانت. هەروەها دەکرێت توندبوونەوەی پێستی ڕوخسار کرانەوەی دەمت لە ئاستی ئاسایی کەمتر بکاتەوە کە ئەمەش وادەکات گرنگیدان بە ددانەکانت قورستر بێت. ئەمانەی خوارەوە چەند ڕێگایەکن بۆ خۆپاراستن لە کێشەکانی پوک و ددان:

● بەبەردەوامی ددانت بشۆ و پەت بەکاربهێنە.
●پشکنینی بەردەوامی ددانەکانت بکە. ئەگەر هەستت بە برین یان ئازاری دەم یان لەقینی ددانەکانت کرد ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پزیشکی ددانەکەتەوە بکە.
● قسە لەگەڵ پزیشکی ددانەکەت و پزیشکە تایبەتەکەت بکە دەربارەی باشترین ڕێگاکان کە بەکاریبهێنیت بۆئەوەی دەمت بەشێداری بهێڵیتەوە.
● دەمشۆر یان هەویری ددانی تایبەت بە دەمی وشک بەکاربهێنە. هەروەها دەکرێت قسە لەگەڵ پزیشکەکەتدا بکەیت دەربارەی ئەو دەرمانانەی کە مامەڵە لەگەڵ وشکی دەم دەکەن.

زیانی نەخۆشییەکە بۆ سییەکان
بەنزیکەی هەموو توشبووانی سکلێرۆدێرمای کۆئەندامیی، هەندێک لە چالاکی سییەکان لەدەستدەدەن. هەندێک کەس نەخۆشی توندی سییەکان تێیاندا تەشەنە دەکات، کە ئەمەش بە دوو شێوە دەردەکەوێت:

● بەڕیشاڵبوونی سییەکان، کە ڕەقبوون یان بەڕیشاڵبوونی شانەی سییەکان دەگرێتەوە بەهۆی زۆری کۆلاجینەوە.
● بەرزەفشاری خوێنی سییەکان، بەرزی فشاری خوێن لەو خوێنبەرەی کە خوێن لەدڵەوە بۆ سییەکان دەگوازێتەوە.

چارەسەری ئەم دوو حاڵەتە جیاوازە:
● رەنگە بەڕیشاڵبوونی سییەکان بەو دەرمانانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە بەرگرییە کۆئەندام دادەمرکێننەوە یان ئەو دەرمانانەی کە دەکرێت یارمەتیدەر بن لە بەرەنگاربوونەوەی بەڕیشاڵبوونەکەدا.
● رەنگە بەرزەفشاری خوێنی سییەکان بەو دەرمانانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە لولەکانی خوێن دەکشێنن.

بۆ کەمکردنەوەی گیروگرفتی سییەکان لەگەڵ پزیشکەکەتدا لە ڕاوێژدا بە.

● چاودێری دەرکەوتنی ئاماژەکانی نەخۆشی سییەکان بکە و لەکاتی بوونی نیشانەکانی وەک شەکەتی، هەناسەسواری، کۆکەی وشک یان هەناسەتەنگی و ئاوسانی پێیەکان، پزیشکەکەت ئاگاداربکەرەوە.
● بەبەردەوامی لەگەڵ پزیشکەکەت لە بەدواداچووندابە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێژەی چالاکی سییەکانت، ڕەنگە ئەمەش چەند پشکنینێکی سەرەتایی ڕێژەی چالاکی سییەکان بگرێتەوە، کە پێوانەی قەبارەی سییەکانت دەکات بۆ چاودێریکردنی ماوەی بەڕیشاڵبوونی سییەکان. زوو چاودێریکردنی بەرزەفشاری خوێنی سییەکان یارمەتی پزیشکەکان دەدات بۆ جڵەوکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکەدا، تەنانەت ڕەنگە پێش ئەوەی کە خۆت تێبینی نیشانەکان بکەیت.
● ژەمە کوتانی بەردەوام بۆ ئەنفلۆنزا و هەوکردنی سییەکان وەربگرە بەو جۆرەی کە لەلایەن پزیشکەکەتەوە پیشنیارکراوە، بەتایبەت ئەگەر دەرمانی دامرکێنەرەوەی بەرگرییە کۆئەندام وەردەگریت یان نەخۆشی سییەکانت هەیە.

کێشەکانی دڵ
رەنگە هەندێک کەس دوچاری هەندێک گیروگرفت ببنەوە کە دەبنە هۆی کێشەکانی دڵ، وەک:

● نەخۆشی درێژخایەنی ماسولکەی دڵ، جێ برینی دوای جەڵدە و لاوازبوونی دڵ.
● هەوکردنی ماسولکەی دڵ.
● ناڕێکی لێدانی دڵ.

چارەسەری گیروگرفتەکانی دڵ دەکرێت لە دەرمانەوە بگۆڕێت بۆ نەشتەرگەری و ئەمەش بەندە لەسەر سروشتی حاڵەتەکە.

کێشەی گورچیلەکان
سستبوونی گورچیلە حاڵەتێکی دەگمەنە، بەڵام دەکرێت مەترسیداربێت بۆ توشبووانی سکلێرۆدێرمای کۆئەندامیی. سستبوونی گورچیلە کاتێک ڕوودەدات کە لەناکاو پەستانی خوێن بەرزدەبێتەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار، کە دەکرێت بەخێرایی ببێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکان. هەروەها کاریگەرییە لاوەکییەکانی هەندێک دەرمانی وەک کۆرتیکۆستیرۆیدەکان، کە دەرمانێکی دژە هەوکردنە، دەکرێت ببێتە پاڵنەر بۆ سستبوونی گورچیلە. گرنگە کە لەگەڵ پزیشکەکەتدا پێکەوە کاربکەن بۆ چاودێریکردنی پەستانی خوێنت بە ئەنجامدانی ئەم کارانەی خوارەوە:

● بەبەردەوامی چاودێری پەستانی خوێنت بکە و پزیشکەکەت ئاگاداربکەرەوە لە ئەگەری هەبوونی هەر نیشانەیەکی نوێ یان جیاواز، وەک سەرئێشە یان هەناسەسواری. ئەگەر پەستانی خوێنت لە ئاستی ئاسایی بەرزتربوو، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پزیشکەکەتەوە بکە.
● ئەگەر کێشەی گورچیلەکانت هەیە، بیرت بێت دەرمانەکانت بەو جۆرە بەکاربهێنیت کە بۆت نوسراوە. لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئەو دەرمانانەی کە ناسرابوون بە ڕێگری دەردانی ACE (ئەنزیمی گۆڕینی پڕۆتینی ئەنجیۆتێنسن) وایانکردووە لەکارکەوتنی گورچیلەیی پەیوەندیدار بە سکلیرۆدێرماوە ببێتە کێشەیەکی کەمتر هەڕەشەئامێز وەک لەوەی کە هەبووە.

کێ مامەڵە لەگەڵ سکلێرۆدێرما دەکات؟
زۆربەی تووشبووان سەردانی پزیشکی جومگە و ڕۆماتیزم دەکەن بۆ چارەسەری سکلێرۆدێرما. پزیشکی جومگە و ڕۆماتیزم، پزیشکێکی پسپۆڕە لە نەخۆشییەکانی ڕۆماتیزمدا، وەک ئاوسانی جومگە و ئاریشەکانی دیکەی هەوکردن یان خۆییەبەرگری. پزیشکی پێست، کە پسپۆڕە لە نەخۆشییەکانی پێست و قژ و نینۆک، هەروەها ڕەنگە ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکەدا، بەتایبەتی بۆ توشبووانی سکلێرۆدێرمای ناوچەیی.

لەبەرئەوەی دەکرێت سکلێرۆدێرما کاریگەری لەسەر زۆر ئەندام و کۆئەندام هەبێت، ڕەنگە چەند پزیشکێکی جیاوازت هەبێت بۆ گرنگیپێدانت. کارمەندانی تەندروستی ڕەنگە ئەمانە بگرێتەوە:

● پزیشکی دڵ، کە پسپۆڕە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکانی دڵ و لولەکانی خوێندا.
●یاریدەدەری پزیشکی ددان، کە دەکرێت مامەڵە لەگەڵ گیروگرفتەکانی ئەستووربوونی شانەکانی دەم و دەموچاو بکات.
● پزیشکی پسپۆڕی کۆئەندامی هەرس، کە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی هەرس دەکات.
● شارەزایانی دەرووندروستی، کە ڕاوێژ لەگەڵ نەخۆشەکاندا دەکەن و مامەڵە لەگەڵ ئاریشە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەکەن.
● پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە، کە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشی گورچیلەکان دەکات.
● چارەسەرکاری پیشەیی، کە رێنمایی بە نەخۆشەکان دەدات چۆن چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بەسەلامەتی ئەنجامبدەن.
● پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و شکان و جومگە و بڕبڕەی پشت، کە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەکانی ئێسک و جومگە یان شکاوی دەکات و نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامدەدات.
● ڕاوێژکاری چاودێری تەندروستی، وەک پزیشک، یاریدەدەری پزیشک و پەرستارانی ڕاهێنراو.
●چارەسەرکاری سروشتی، کە فێری ڕێگاکانی بەهێزکردنی ماسولکەت دەکات.
● پزیشکی سییەکان، کە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشی و کێشەی سییەکان دەکات.
● پزیشکی نەخۆشییەکانی ئاخاوتن و زمان، کە پسپۆڕە لە چارەسەرکردنی ئاریشەکانی ئاخاوتن و گفتوگۆکردن و قوتدانەوەی قسە.

ژیانکردن لەگەڵ سکلێرۆدێرما
رەنگە لەسەر بنەمای جۆر و نیشانەکانت ژیانکردن لەگەڵ نەخۆشییەکەدا سەخت بێت. بۆئەوەی یارمەتیدەری خۆت بیت، هەوڵبدە بەشدارییەکی چالاکانەت هەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکەتدا. ڕەنگە ئەم ڕێنوێنی و پێشنیارانەی خوارەوە یارمەتیدەر بن.

● گەرم خۆت دابپۆشە، جەستەت پلەی گەرمییەکەی لەڕێگەی پێستەوە ڕێک دەخات. کەواتە جلی زیادە لەژێرەوە لەبەربکە، دەستکێش لەدەستبکە و گۆرەوی لەپێبکە و تا دەکرێت لە کەشوهەوا و شوێنی سارد دووربە.
● هەوڵبدە دووربکەویتەوە لە ژینگەی سارد یان شێدار، کە ڕەنگە ببێتە پاڵنەر بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی دیاردەی ڕایناود.
● ئەگەر ماددە دوکەڵکەرەکان دەکێشیت، وازیان لێبهێنە. نیکۆتین و ماددە دوكەڵکەرەکان دەبنە هۆی تەسکبوونەوەی لولەکانی خوێن، کە دەکرێت هەندێک لە نیشانەکان خراپتر بکات و کێشەی سییەکان دروستبکات.
● پێش ئەوەی بچیتە دەرەوە دژەخۆر بەکاربهێنە بۆئەوەی لە زیانە زۆرەکانی تیشکی خۆر پارێزراو بیت.
● شێدارکەرەوەی پێست بەکاربهێنە بۆئەوەی یارمەتی کەمکردنەوەی وشکبوونەوە بدات.
● ئامێری هەڵم بەکاربهێنە بۆ شێدارکردنەوەی هەوای ماڵەکەت لە کەشە ساردترەکانی زستاندا. جار جار ئامێرەکە پاکبکەرەوە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەکردنی بەکتریا لەناو ئاوەکەدا.
●دووربکەوەرەوە لە ئاوی گەرم لە خۆشۆردن و ئاو بەخۆداکردندا چونکە پێست وشک دەکاتەوە.
● دووربکەوەرەوە لە سابونی تیژ، پاککەرەوەکانی ناوماڵ و ماددە کیمیاییە سوتێنەرەکان، ئەگەر بەکاریشیان دەهێنیت، دەستکێشی لاستیک لەدەست بکە.
● بەبەردەوامی ڕاهێنان بکە، بەتایبەتی مەلەکردن، کە هانی چالاکبوونی سوڕی خوێن دەدات لەو ناوچانەی کاریان تێکراوە.
● بەبەردەوامی سەردانی پزیشکی ددان بکە بۆ پشکنین.
● لەڕێگەی ئینتەرنێت یاخود یەکتربینینی ڕاستەوخۆوە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کۆمەڵانەدا دروستبکە کە لە هەمان بارودۆخی تۆدان.
● پەیوەندییەکانت لەگەڵ کەسانی دیکەدا مەپچڕێنە .قسە لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانتدا بکە تا یارمەتییان بدەیت لە نەخۆشییەکە تێبگەن.
● قسە لەگەڵ شارەزایەکی دەرووندروستی بکە تاوەکو یارمەتیدەرتبێت لەگەڵ نەخۆشییەکی درێژخایەندا هەڵبکەیت.

هەندێک جۆری سکلێرۆدێرما دەکرێت کاربکەنە سەر بەشەکانی کۆئەندامی هەرس. ڕەنگە پزیشکەکان دەرمانی دڵەکزێ، قەبزی و ڕەوانی بنوسن بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە جڵەوکردنی ئەم نیشانانەدا.

ئەمانەی خوارەوە چەند ڕێنوێنییەکن کە یارمەتیت دەدەن ئەگەر ئەم نیشانانەی کێشەی هەرسکردنت هەبێت:

● کەمخۆری دایم خۆر بە.
● لەدوای ژەمەکان، بۆ ماوەی ٣ سێ کاتژمێر بەڕێکی دابنیشە، هەوڵبدە دووربکەویتەوە لە پاڵدانەوە یان خۆچەماندنەوە دوای نان خواردن.
● خواردنی شێدار و نەرم بخۆ و بەباشی بیجووە. ئەگەر کێشەی قوتدانت هەبێت یان جەستەت ماددە خۆاکییەکان بەباشی هەڵنەمژێت ڕەنگە پزیشکەکەت ڕژێمێکی خۆراکی تایبەتت بۆ بنوسێت.
● ماددە کحولییەکان و کافایین کەمتر بخۆرەوە.
● مەهێڵە جەستەت وشک ببێتەوە.
● کە کاتی خەو هات، بەشی سەرەوەی تەختی خەوەکەت بەرزبکەرەوە بەبەکارهێنانی پارچەی زیادە بۆ قاچەکانی، یان پێوەندی خەوتن. بەکارهێنانی چەند سەرینێک یارمەتیدەر نییە لە بەرزکردنەوەی بەشی سەرەوەی تەختی خەوەکەت بە ئەندازەی بەکارهێنانی پارچەی زیادە بۆ قاچەکانی یان پێوەندێکی تایبەت.

بەرەوپێشچوونی توێژینەوەکانی پەیوەندیدار بە سکلێرۆدێرما
دامەزراوەی نەتەوەیی بۆ نەخۆشییەکانی پێست و ئاوسانی جومگە و ئێسک و ماسولکە پاڵپشتی دارایی پێشکەشدەکات و توێژینەوە ئەنجامدەدات بۆ دۆزینەوەی ڕێگای باشتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیشانەکان، ڕێگریکردن لە بەرکەوتنی زیان بە ئەندامەکان و باشترکردنی چۆنیەتی ژیانی توشبووانی سکلێرۆدێرما.
هەروەها توێژینەوەی هەمەچەشنیش بەڵگەی نوێی بۆ تێگەیشتن لە نەخۆشییەکە پێشکەشکردووە، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکە و دۆزینەوەی چارەسەری بنبڕکەر. لێکۆڵینەوەکان دەربارەی بەرگرییە کۆئەندام، بۆماوەزانی، زیندەزانی گەردی و خانەکان یارمەتیدەر بوون لە خستنەڕووی هۆکارەکانی نەخۆشییەکە، پەرەپێدانی چارەسەرە بەردەستەکان و دروستکردنی ڕێگەچارەی تەواو نوێ.
دامەزراوەکە لە لێکۆڵینەوەدایە دەربارەی جینۆمەکان و جیاوازی تەندروستی بۆ باشتر تێگەیشتن لە هۆکارەکانی مەترسییە بۆماوەییەکان و بنچینە گەردییەکانی سکلێرۆدێرما. ئەمانەی خوارەوە چەند بوارێکی دیکەی توێژینەوەی بەردەوامن:
●توێژەران لە چاودێری بەرگرییە کۆئەندامە ئاڵۆزەکاندان، لە هەوڵی دیاریکردنی ئەوەدان کە بۆچی جەستە دژەتەن دژی شانەکانی خۆی دروستدەکات. دیاریکردنی ئەوەی دژەتەنەکان کەی و لەکوێدا دروستدەبن و چۆن کاردەکەن، دەکرێت توێژەران بەرەو دۆزینەوەی سەرەداوی چارەسەری نوێ ببات. لە ئێستادا توێژەران چارەسەری نوێ تاقیدەکەنەوە، وەک ئەو چارەسەرانەی کە بەشێکی دیاریکراوی بەرگرییە کۆئەندام دادەمرکێننەوە.
● لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەو بۆهێڵانەی کە ئەگەری هەیە کەسەکە توشی سکلێرۆدێرما بکەن. ڕەنگە ئەم بۆهێڵانە سەرەداوی چارەسەرەکانی داهاتوو بن. هەروەها توێژەران لە هەوڵی دۆزینەوەی بۆهێڵەکان و نیشاندەرەکانی دیکەدان کە دەتوانن بۆ پزیشکەکانی دەربخەن، کامیان چ جۆرێکی سکلێرۆدێرما پەرەپێدەدەن. دەکرێت رۆژێک ئەمە یارمەتی پزیشکەکان بدات لە دیاریکردنی ئەوەی کە ڕەنگە کێ سود لە چارەسەرە تایبەتەکان ببینێت. لەگەڵ ئەوەشدا لەبەرئەوەی بۆهێڵەکان تاکە هۆکار نین کە دەستیان لە توشبوون بە نەخۆشییەکەدا هەبێت، توێژەران بەدوای هۆکارە ژینگەییەکانیشدا دەگەرێن کە ڕەنگە ببنە پاڵنەری نەخۆشییەکە لەو کەسانەدا کە لەڕووی بۆماوەییەوە ئەگەری توشبوونیان هەیە.
●لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە چۆن دەرمانەکانی دامرکێنەرەوەی بەرگرییە کۆئەندام دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ جڵەوکردنی نیشانە و گیروگرفتەکانی سکلێرۆدێرما، بە تایبەتی تیشکخستنە سەر گیروگرفتەکانی سی.
● هەندێک زانستکار لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەرمانی باشتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکە و نیشانەکانیدا. توێژەرانی دیکە سەرقاڵی تاقیکردنەوەی دەرمانە بەردەستەکانن بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا سەرکەوتوون لە دواخستنی هەندێک گیروگرفت.
● توێژەران دەڕواننە زۆر هۆکار کە بەڕیشاڵبوونیان لێدەکەوێتەوە، بۆئەوەی بزانن کە ئایا دەکرێت تەشەنەکردنەکەی بوەستێنن.
●لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە هەندێک ماددەی کیمیایی دیاریکراو، کە پێیان دەگوترێت سایتۆکینەکان، پڕۆتینێکە جڵەوی وەڵامدانەوەی بەرگرییە کۆئەندام دەکات، لە خانەکانی جەستەدا بەرهەم دەهێندرێن و بەشدارن لە هەوکردندا. توێژەران لە هەوڵدان بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی بەشداریکردنی سایتۆکینەکان لە رەوتی نەخۆشییەکەدا.

ئامادەكردن و وەرگێڕان:
شارا عومەر
شاگوڵ حەمەڕەزا
سیزان كارزان

بابەتی پێشتر

پۆلیسی هەولێر: کەسێک بە تۆمەتی دزینی پارەی سندوقی خێرخوازی دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

سودانی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیاریدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share