لە هەرێم 3559 توشبووی كۆرۆنا تۆماركران.. دوو پلە ماوە بۆ گەیشتن بە دۆخی سوور

ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بەرزترین ڕێژەی توشبوون بە كۆرۆنا تۆماركرا، زیاتر لە 3 هەزار و 500 كەس توشبوون، وەزیری تەندروستی هۆشداریی لە گەیشتن بە دۆخی سووری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، دووپاتیكردەوە كە پێویستە ڕێوشوێنی زیاتر بگیرێتە بەر.

ئەمڕۆ سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی تەندروستی و زیاتر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگاكە، سەردانی دهۆكی كرد، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 3 هەزار و 559 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بوون، كە زۆربەیان لە دهۆكن بە هەزار و 546 توشبوو.

وەزیری تەندروستی وتی، لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا 17 هەزار پشكنین بۆ هاوڵاتییان كراوە و 20%ی پشكنینەكان پۆزەتیڤ بوون، بۆیە هۆشدارییدا لەوەی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لەبارەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە بەرەو خراپتر دەچێت.

“هەرێمی کوردستان بەرەو بەرودۆخێکی خراپتری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەچێت، بەپێی هەڵسەنگاندنەکان تەنها دوو پلەمان ماوە بۆ گەیشتن بە ڕەنگی سور کە بارودۆخێکی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە”، وەزیری تەندروستی وایوت.

هەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 13 توشبووی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، وەزیری تەندروستی ئاشكرایكرد.

سامان بەرزنجی بەپێویستی زانی ڕێوشوێنی زیاتر بۆ خۆپاراستن بگیرێتە بەر، ئاشكراشیكرد، ڕێژەیەكی زۆری ڤاكسینی فایزەر گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان.

وەزیری تەندروستی خۆشحاڵی خۆی پیشاندا لەوەی پرۆسەی دابەشکردنی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی بەخۆوەبینیوە بەراورد بە ماوەی ڕابردوو و وتیشی، “شەوی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر ڤاکسینی جۆری فایزەر گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان کە پێنج ئەوەندەی ژمارەکانی پێشووترە و زیاترە لە 56 هەزار ژەمە ڤاکسین”.

ئاماژەی بەوەکرد، “بەبڕیاری سەرۆکوەزیران زۆرترین ژمارەی ڤاکسین بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژانی شەممە لە هەفتەدا تایبەتدەکرێت بە پێدانی ڤاکسین بە فەرمانبەران”.

دکتۆر سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، “لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، لە 500 هەزار ژەمە ڤاکسینی جۆری سینۆفارمی چینی کە دەگاتە عێراق 100 هەزاریان بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، هەروەها لە 280 هەزار ژەمی ئەسترازێنیکا بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستان  ڕەوانە دەکرێت”.

وتیشی، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناوەندەکانی دابەشکردنی ڤاکسین ژمارەیان زیاتر دەکرێت، “لە قەزا و ناحیەکانیش هەوڵی کردنەوەی ناوەندی تایبەت بە دابەشکردنی ڤاکسینی فایزەر دەدەین”.

 

بابەتی پێشتر

توركیا و گروپە چەكدارەكان لە عەفرین بەردی كێلی گۆڕی شەهیدان دەدزن

بابەتی دواتر

ئەمریکا بە تەواوی دەستی لە حکومەتی ئەفغانستان بەرنەداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share