خۆرەبایەكی دیكە روو لە زەوی دەكات

شارەزایەكی گەردوونناسی دەڵێت، مانگی داهاتوو جارێكی دیكە ئەگەری روودانەوەی خۆرەبایەکی دیكەی جیـۆموگناتیسی زۆر بەهێز یان چەند دانەیەکی بەهێز لە ئارادایە.

پێشبینی ئەو رووداوە سروشتییە دوای ئەو خۆرەبایە دێت كە لە 10ی ئەم مانگە بە پلەی G5 بۆ ماوەی نزیکەی 40 کاتژمێر لە هەسارەی زەوی دا.

لوقمان حەوێز، شارەزای گەردوونناسیی كورد و ئەندامی كۆمەڵەی گەردوونناسیی تەكساس رایگەیاند، ئەو خۆرەبایە جیۆموگناتیسیەی خۆر بەهۆی روودانی تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا لەسەر پەڵەی خۆر ژمارە AR3664، تیرەی ئەو پەڵەیە نزیکەی 200 هەزار کیلۆمەترە واتە نزیکەی 16 جار لە تیرەی هەسارەکەمان گەورەترە.

وتیشی، “ئەم پەڵەیە هەر ماوە و هێشتا زۆر زۆر چالاکە، بەڵام بەهۆی خولانەوەی خۆر بەدەوری خۆیدا ئێستا بزر بووە و رووی لە هەسارەی زەوی نیە، واتە ئەگەر هەر تەقینەوەیەکیش لەسەریدا رووبدات ئەوا کاریگەری لەسەر هەسارەی زەوی نابێت چونکە تەنۆلکە بارگاوییەکان کە لەو تەقینەوانەوە دەردەچن بە ئاڕاستەی دیکە دەڕۆن و ناگەن بە زەوی”.

بەڵام خۆر بەردەوام لە خولانەوەدایە بەدەوری خۆیدا و بەنزیکەیی لە کەمەری ناوەڕاستی خۆردا بە ماوەی 27 جارێک، خۆر جارێک بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە، وەك ئەوەی لوقمان حەوێر ئاماژەی پێدا و ئەوەشی خستەڕوو، بۆیە لە سەرەتای مانگی شەشەوە ئەم پەڵەیە گەورەیەی خۆر دیسان جارێکی دیكە رووی دەکەوێتەوە دیوی هەسارەکەمان بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە و هەر تەقینەوەیەکی گەورە کە لەسەر پەڵەکە لەو ماوەیەدا رووبدات بڕێک لە تەنۆلکە بارگاوییەکانی دەگەیەنێت بە هەسارەکەمان.

باسی لەوەشكرد، لەبەر گەورەیی ئەم پەڵەیە ئەگەری ئەوە هەیە دیسان تەقینەوەکان زۆر بەهێز بن، بۆیە ئەو خۆرەبایەی بەرەو هەسارەکەمان هەڵیدەكات دیسان زۆر بەهێز دەبێت وەکو ئەوەی پێشوو.

ئەو شارەزایە گەردوونناسی روونیشیكردەوە، پەڵەکانی سەر خۆر دیاردەی سروشتین کە لەسەر خۆر دەردەکەون، لە خولێکی 11 ساڵیدا یەک جار ژمارەی ئەو پەڵانەی سەر خۆر دەبن بە کەمترین و ون دەبن و دواتر دەگەڕێنەوە و ژمارە و قەبارەیان دەگات بە زۆرترین، ئێستا قەبارە و ژمارەیان زۆرترینە، ئەو پەڵانە ئەو شوێنانەی سەر خۆرن کە لوپی موگناتیسی لەسەریان دروست دەبێت و بەو هۆیەوە پلەی گەرمی سەر رووی خۆر لەو شوێنانەی ئەو پەڵانەی لێیە هەندێک کەمتر دەبێتەوە، بەڵام ئەو لوپە موگناتیسیانەی سەریان جار جارە خاڵی دەبنەوە و لەو کاتانەشدا تەقینەوەیەکی بەهێز لەسەر ئەو پەڵانە روودەدەن و بڕێکی زۆر لە تەنۆلکەی بارگاوی لە پڕۆتۆن و ئەلیکتڕۆن دەنێرن بۆ بۆشایی ئاسمان.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەو تەنۆلکە بارگاوییانە بەرەو هەسارەی زەوی بێن، زۆربەیان بەهۆی بواری موگناتیسیی زەوی بەلاڕێدا دەبرێن، بەڵام هەندێکیان لە جەمسەرەکانی هەسارەی زەوییەوە دزەدەکەن و دێنە نێو چینە هەرە بەرزەکانی بەرگەهەوای زەوی و لەگەڵ گازەکانی نێو بەرگەهەوا کارلێک دەکەن و ئەوڕۆڕا دروست دەکەن.

ئەوڕۆڕا (واتە تیشکە رەنگاوڕەنگەکانی شەفەقی جەمسەر لە ئاسۆی جەمسەری باکوور) كە زیاتر لە شەودا دەردەكەون.

لە خۆرەباكەی 10ی ئەم مانگە لە زۆربەی ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی ئەوروپا و سایبیریا و کەنەدا و ویلایەتەکانی باکوور و ناوەراستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بینران، جگە لەوەی بووە هۆی کوژاندنەوە و وەستانی هەندێک لە سەتەلایتەکان و هەندێک لە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لەسەر زەوی ئەوانەی لەسەر لەرەلەری زۆر بەرز کاردەکەن.

بابەتی پێشتر

پشکنینی پزیشکی بۆ پاشای سعودیە دەکرێت

بابەتی دواتر

شارەوانیی سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی پڕۆژەكانی بونیادنان و نوێكردنەوەی رێگاوبانەكان دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share