بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەبارەی كەرتی وزە و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی نوێ و نیشتمانی بۆ گازی سروشتیی هەرێمی كوردستان، زامنی بەهێزیی ئابووریی ناوچەكەیە و بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموولایەكە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگرێسمان سێس مۆڵتۆن، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران كە هاوكاری و راهێنان پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات، كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، جەخت لە فراوانكردنی هەماهەنگییە ئەمنی و سەربازییەكان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە كرایەوە.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی مەترسییەكانی تیرۆر و ئاسایشی ناوچەكە روونكردنەوەیدا و ئاماژەی بەوەكرد، تیرۆر كۆتایی نەهاتووە و هێشتا پاشماوەكانی داعش مەترسییەكی جدین لەسەر ناوچەكە، بۆ ئەمەش جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، عیراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەكەینەوە تاوەكو پێكەوە رووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببینەوە.
دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرژییەكانی ناوچەكە، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو و لەوبارەیەوە هەردوولا جەختیان لە كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ وەك تەنیا بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دووپاتكردەوە.