قوباد تاڵەبانی چەند پرۆژەیەكی لە سنووری كۆیە بەسەركردەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیران چەند پرۆژەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە سنوورى کۆیە بەسەرکردەوە و بەهەوڵێکی گرنگی لەقەڵەمدان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابورى.

لەو سەردانەی ئەمڕۆیدا جێگرى سەرۆک وەزیران، هاوڕێ لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەنداوی شەوگێڕی بەسەرکردەوە و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد بۆ بنیاتنانی بەنداو لە ناوچە جیاوازەکاندا و بەهەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا بۆ رووبەڕووبوونەوەى کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

هەر لەوبارەیەوە و بەلەبەرچاوگرتنی تواناى بەنداوی شەوگێڕ بۆ گلدانەوەى 1.3 ملیۆن مەترسێجا ئاو و سەررێژبوونی لەمساڵدا، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵى خۆى نیشاندا و بنیاتنانی بەنداوەکانی بە فاکتەرێکی گرنگ زانی بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێم و زامنی ئاسایشی ئاو و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ.

دواى گوێگرتن لە سوودەکانی بەنداوەکە بۆ گەشتیارى و کشتوکاڵ و سامانی ماسی بۆ گوندەکانی سنوورەکە، جێگرى سەرۆک وەزیران ئاماژەى بەوەکرد دەبێ هانی برا جوتیارەکانمان بدەین کە شێوازی کشتوکاڵى پێشکەوتوو بگرنەبەر لەپێناو کەمتر بەفیرۆدانی ئاو، بەتایبەت کەمکردنەوەى ئەو بڕەى پێویستە بۆ ئاودانی بەرووبوومەکان و زیاترکردنی ئاستی بەرهەمى کشتوکاڵى جوتیاران.

قوباد تاڵەبانی لە دووەم وێستگەشدا، ئامادەى رێورەسمی بەکارخستنی پرۆژەى کارگەى ئالیکی تەبارە بوو لە کۆیە و گرنگی وەبەرهێنانی لەم بوارەدا دووپاتکردەوە و بەهەنگاوێکی پێویستی زانی بۆ زامنکردن و پاراستنی سامانی ئاژەڵ.

لە رێورەسمەکەدا گرنگی بەگەڕخستنی کارگەکە خرایەڕوو لەرووى بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەى تێچووى کڕین و هاوردەکردنی ئالیک، هەروەها لەڕووى خۆراکی و سوودەکانی بۆ پاراستنی تەندروستیی ئاژەڵى.

جێگرى سەرۆک وەزیران، لەمیانی بەسەرکردنەوەى بەشەکانی کارگەکەدا ئاماژەى بەوەکرد کە کارگەکانی ئالیک دەکرێ ببنە باشترین بزوێنەرى پیشەسازی پەلەوەر و ماسی و ئاژەڵى، لەرێى سوودوەرگرتن لە بەرهەم و پاشماوەى کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ بەرهەمهێنانی ئالیکی گونجاو بەپێى ستانداردی جیهانی و پێکهاتەى خۆراکی جگە لەوەش ببنە هۆکارێک بۆ دابینکردنی دەرفەتی هەلى کار بۆ هاوڵاتییانی سنوورەکە.

قوباد تاڵەبانی داواى لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد کە ئاسانکارى زیاتر بۆ دامەزراندنی ئەم جۆرە پرۆژانە بکەن لەپێناو پڕکردنەوەى پێداویستیی ناوخۆ و کەمتر پشتبەستن بە هاوردەکردنی ئالیک لە دەرەوە، هاوکات زامنی ساغکردنەوەى بەرهەمى جوتیاران و کەمکردنەوەى تێچووى بەرهەمهێنانی گۆشت و پەلەوەر و ماسی کە دواجار بە دابەزاندنی نرخەکانیان لە بازاڕدا دەکەوێتەوە بۆ کەمکردنەوەى بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ناکۆکی و ململانێکان خزمەت بە هیچ لایەک ناکەن

بابەتی دواتر

سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەزارەتی گواستنەوە: پێویستە پابەندی کاتی تەواوکردنی پڕۆژەی بەندەری فاو بن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share