بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەرێمی كوردستان خاوەنی ژێرخانێكی بەهێزی گازە و دەبێت مامەڵەیەكی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بكرێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوو دیداری جیاوازدا لە واشنتن لەگەڵ هەریەك لە ئامۆس هۆچستاین، رێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ستیڤ بیتنەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكاندا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و كەرتی وزە روونكردنەوەیدا و ئاماژەی بەوەكرد، “هەرێمی كوردستان خاوەنی ژێرخانێكی بەهێزی گازە و دەبێت مامەڵەیەكی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بكرێت و پێویستە بە ستراتیژێكی نوێ و نیشتمانییەوە گەشە بەو كەرتە بدرێت و ببێتە مایەی بەهێزتركردنی ژێرخانی ئابوریی هەرێمی كوردستان، داهاتەكەی لە خزمەت خەڵك و ئاوەدانیی هەرێمەكەماندا بێت و ئەمەش ئەو ئامانجەیە كە ئێمە هەوڵی بەدیهێنانی دەدەین و دەمانەوێت بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی هەنگاوبنێین”.

هەر لە واشنتن، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەلایەن نووسینگەی كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك لە وەزارەتی دەرەوە مێزگردێكی بۆ سازكرا و هەریەك لە نووسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كاروباری سەربازی و سیاسی، دیموكراسی و مافی مرۆڤ و كار، ئۆپەراسیۆنەكانی ململانێ و سەقامگیری، هەواڵگری و لێكۆڵینەوە تێیدا ئامادەبوون.

لە سەرەتای مێزگردەكەدا سەرۆك بافڵ باسێكی ورد و چڕی لەبارەی رووداو و گۆڕانكارییە سیاسییەكان پێشكەشكرد و سیاسەتی نیشتمانیی یەكێتی وەك هێزێكی كاریگەر و بەرپرسیار بەرامبەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی روونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، “هەوڵی ئێمە لەسەرەتاوە لەپێناو قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان بووە، هەمیشە لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان بووین و هەوڵمانداوە بەشێك بین لە چارەسەر و باوەڕی تەواومان بە هاوبەشیی راستەقینە هەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و لەگەڵ هاوبەشەكانیشمان لە بەغداد لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان رێككەوتووین و كۆكین لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هەموو گەلانی عێراق.

لە درێژەی مێزگردەكەدا گفتوگۆیەكی كراوە بەڕێوەچوو و تێیدا سەرۆك بافڵ لەبارەی هەڵبژاردن و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئامادەبووانی بەرچاوڕوونكرد و وتی،” هەمووان هەڵوێستی ئێمە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گەشەكردنی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان دەزانن، زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانیتریش هاوهەڵوێستن و دەیانەوێت گۆڕانكاری لە پڕۆسەی حوكمڕانی بێتەئاراوە و هەموو هەوڵێكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە و نامانەوێت خواست و ئیرادەی خەڵك بۆ گۆڕانكاری بكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت.

سەبارەت بە پرسی پێشمەرگەش، سەرۆك بافڵ وتی، “هەوڵەكان بۆ رێكخستنەوە و بە نیشتمانیكردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و بەئومێدەوە لێی دەڕوانین و پشتیوانی و هاوكارییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمریكا جێگەی پێزانینی ئێمەیە و پرۆسەكەی خێراتركردووە و جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەكانیش دەكەینەوە لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵك و سەقامگیریی ناوچەكە، چونكە مەترسییەكانی تیرۆر بەردەوامە و دەبێت هەمووان پێكەوە رووبەڕووی بوەستینەوە”.

بابەتی پێشتر

دوا هەڵوێستی سودانی لەبارەی ناردنی مووچەوە ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

سلێمانی.. فێستیڤاڵی گوڵ و نەمام لە پاركی ئازادی كرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share