بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئەو تۆمەتبارەی چوار ئۆتۆمبێلی دزیبوو و تەقەی لە مەفرەزەکانی ئاسایش کردبوو، لە قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دوای چاودێری و بەدواداچوون لەرۆژی 14ی4ی2024 لەقەزای چەمچەماڵ، توانرا تۆمەتبارێکی داواکراوی هەڵاتوو لە یاسا، لەدایکبووی (2000) دەستگیربکەن.
باس لەوەشکراوە، تۆمەتبار چەندین پێشینەی تاوانی دزیکردنی ئۆتۆمبێل و هەڵکوتانە سەر هاوڵاتییان و سەرانە وەرگرتن و تەقەکردن لەمەفرەزەکانی ئاسایشی هەبووە و لەسەر ڕێگای (ناحیەی شۆڕش و سەنگاو و قەزای کەلار)بەزەبری چەک چەندین ئۆتۆمبێلی لەهاوڵاتییان سەندووە و بووەتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتییان و رێبوارانی سنوورەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت، “دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبار و دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەکان، سەرجەم ئۆتۆمبێلە دزراوەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوا رادەستی خاوەکانیان کرایەوە.“
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، تۆمەتبار بەماددەکانی (443, 441, 446) لەیاسای سزادان دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.