وتەبێژی كۆمسیۆن ژمارەی ئەو كەسانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاندید كردووە ئاشكرادەكات و دەشڵێت، كۆمسیۆن بۆ رۆژی دەنگدان پێویستی بە زیاتر لە 45 هەزار كارمەندە.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای رایگەیاند، كۆی ئەو كەسانەی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاندید كردووە بریتییە لە 886 كەس، لەو ژمارەیە 277یان مێ و 609یان نێرن.
روونیشیكردەوە، ژمارەكە بە دواژمارە دانانرێت تا پاش كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوە لە لێوەشاوەیی كاندیدەكان و، راستاندنیان لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە.
سەبارەت بە كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدانیش كە لە ئێستادا كۆمسیۆن دەرگای تۆماركردنیانی بە ئەلیكترۆنی كردووەتەوە غەلای وتی، “كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێویستی بە زیاتر لە 45 هەزار كارمەندی دەنگدانە لە پارێزگاكانی هەرێم”.
هەروەك ئاماژەی بەوەدا كە تیروپشكی ژمارەی هاوپەیمانییەكان، لایەنی سیاسی و لیستی كاندیدە تاكە كەسییەكان سبەی دووشەممە 8ی نیسان دەبێت لە بارەگای كۆمسیۆن.
بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام پارتی هەوڵەكانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە چڕكردووەتەوە، كە بەپێی وتەی شارەزایان بەهۆی ئەوەی لە خراپترین دۆخدایە و ئاستی جەماوەری لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووی لە دابەزینی بەرچاو كردووە، جگەلەوەش بەهۆی رێككارەكانی كۆمسیۆنەوە ناتوانێت ساختەكاری و یاری بە دەنگی خەڵك بكات، بۆیە نایەوێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.