راپۆرتێک: رۆژانە یەک ملیار ژەم خواردن بەهەدەر دەدرێت

راپۆرتێکی نوێ ئاشکرایدەکات، لەگەڵ ئەوەی ملیۆنان کەس لە جیهاندا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، لە رۆژێکدا یەک ملیار ژەم خواردن بەهەدەردەدرێت.

بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ژینگە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2022 دا لە جیهاندا 1.05 ملیار تۆن لەلایەن خێزانەکان و چێشتخانە و کەرتی خزمەتگوزاری و خواردنەوە بەهەدەردراون.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 13% ی خۆراکی جیهان لە کاتی گواستنەوەیان لە کێڵگەکانەوە بۆ سەر خوانەکان دیارنامێنێت، یەک لەسەر سێی بەرهەمی خۆراکی جیهان لەکاتی بەرهەمهێناندا بەهەدەردەدرێت.

ئەم بەهەدەردانی خۆراکە لە کاتێکدایە، لەمساڵدا 783 ملیۆن کەس بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.

بەهەدەردانی خۆراک نەک تەنها کاریگەری لەسەر لایەنی ئابووری جیهان دروستکردووە، بەڵکو بە یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی گازی میسان هەژماردەکرێت.
هەر لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، لە ساڵی 2022 دا 631 ملیۆن تۆن خواردن لەلایەن خێزانەکانەوە بەهەدەردراوە کە دەکاتە رێژەی %60 ی خۆراکی بەهەدەردراو، بەو پێیەش هەر کەسێکی ئاسایی لە ساڵێکدا 79 کیلۆ خۆراکی بەهەدەرداوە.

بەهەدەردانی خۆراک دیاردەیەک نییە پەیوەندی بە وڵاتانی دەوڵەمەندەوە هەبێت، بڕی خۆراکی بەهەدەردراو لە وڵاتانی دەوڵەمەند و مامناوەند جیاوازە بە بڕی حەوت کیلۆگرام بۆ یەک کەس لە ساڵێکدا.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ مووچەی ئەم شوێنانە دابەشدەکرێت

بابەتی دواتر

بەڕێوبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی: چوار هەزار تووشبووی ئۆتیزم لە هەرێم تۆمارکراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share