مۆسكۆ هەڕەشە لە ئەوروپا دەكات

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا هەڕەشە لە ئەوروپا دەكات، لەبارەی ئەو سزایانەی لەلایەن هەندێك وڵاتەوە بەهۆی كەیسی ناڤالنی ڕوبەڕووی بەرپرسانی وڵاتەكە بووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئازار، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئالیكساندەر گرۆشكۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی دەستەوەستان نابێت و وەڵامی ئەو سزا تاكلایەنانە دەداتەوە كە لەلایەن بڕۆكسلەوە سەپێندراوەتە سەر بەشێك لە بەرپرسانی ڕوسیا، بەهۆی كەیسی دەستگیركردنی ئالێكسی ناڤالنی.

ئەو بەرپرسە ڕوسییە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بە دڵنیاییەوە كارێك هەبێت بەرامبەرمان، كاردانەوەشمان دەبێت”، بەبێ ئەوەی سروشتی ئەو كاردانەوەیە ڕوونبكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕەزامەندیی یەكێتیی ئەوروپا لەسەر سزاكانی سەر ڕوسیا بەهۆی كەیسی ناڤالنی-یەوە، مۆسكۆی تووشی شۆك نەكردووە، بەڵام نەیشاردووەتەوە كە كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی هەردوولا دەبێت.

ئەو هەڕەشانەی مۆسكۆ پاش ئەوە دێن، ئەمڕۆ نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا لە كۆبوونەوەی بڕۆكسل بڕیاریدا سزا بەسەر ئەو بەرپرسە ڕوسییانەدا بسەپێنێت كە ڕۆڵیان هەیە لە كەیسەكەی ناڤالنیدا.

ئالێكسی ناڤالنی بە ئۆپۆزسیۆنێكی سەرسەختی پوتن دادەنرێت، پاش گەڕانەوەی بۆ ڕوسیا دەستگیركرا.

بابەتی پێشتر

تەرمێك لە دهۆك دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

كازمی: حکومەت هەوڵی كۆتایهێنان بە كێشەكانی لەگەڵ هەرێم داوە و دوابڕیار لای پەرلەمانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share