وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: بەهۆی راگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێمەوە مووچە دواکەوتووە

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “وەزارەتەکەیان لەسەر هەوڵەكانی بۆ دووبارە هەناردنی نەوتی هەرێم بەردەوامە و جەختیشدەکاتەوە، تا ئەو کاتەی نەوت هەناردەدەکرا، مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرا.”

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوەکراوە، ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وێرای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوتن، بەڵام هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردووەتەوە و بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە.

باس لەوەشکراوە، پیشەسازیی نەوتی هەرێم لە رێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بوودجەدا بە هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە. ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت.

راگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، “حکومەتی هەرێم لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو، نەوتی هەرێم تەنها لە (10%)ی نەوتی هەناردەكراوی عێراق پێک دەهێنا و داهاتی ئەم نەوتە تەنها بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو. هەر لە دوای راگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی موچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دەدرا.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە رێككەوتنێك مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم .

 

 

بابەتی پێشتر

بانکی ناوەندیی عێراق کاتی کردنەوەی داواکاری بۆ قەرزی خانووبەرە رادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

پۆلیسی هەرێم: لێپرسینەوە لە هەر کارمەندێک دەکرێت بە جلوبەرگی فەرمییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆی نمایش بکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شێركۆ جەودەت: توركیا گرێبەستی لەگەڵ هەرێم بۆ گواستنەوەی نەوت هەبووە بۆیە ئێستا داوای قەرەبوو لە عێراق دەكات

د. شێركۆ جەودەت پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوە لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هۆكاری داواكەی توركیا…
Total
0
Share