نەتەوە یەکگرتووەکان: قەیرانی مرۆیی لە سوریا بەردەوام لە خراپتربووندایە

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا رایگەیاند، قەیرانی مرۆیی لە سوریا بەردەوام لە خراپتربووندایە و تا ئێستا نیگەرانییەکانی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پاراستن و بژێوی ژیانیان چارەسەرنەکراوە.

گێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا لە لێدوانێکیدا بە بۆنەی ساڵرۆژی جەنگی سوریاوە ئاماژەی بەوەکرد، “ئابوری سوریا داڕماوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن هاوڵاتی پێویستیان بەهاوکاری بەپەلە هەیە، ئەوە بێجگە لە پەنابەرانی دانیشتووی وڵاتانی دراوسێ و زیاتر لە حەوت ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکە”.

جەختیلەوە کردەوە، “پەنابەران و ئاوارەکانی سوریا هێشتا هەلومەرجی پێویستیان بۆ دابیننەکراوە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە پاراستنیان و بژێوی ژیانیان چارەسەرنەکراوە”.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە یەکبخەن بەپێی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش و چارەسەری تەواوی ئەو پرسانە بکەن کە دەبێت یەکلایی بکرێنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە سوریا”.

لە 26ی کانونی دووەمی ساڵی 2011 ناڕەزایەتییەکان لە سوریا دەستیان پێ کرد و لە 15ی ئازاری هەمان ساڵدا ناڕەزایەتییەکان قوڵتربوونەوە، بەڵام لە 15ی تەموزی 2012 خاچی سووری نێودەوڵەتی بارودۆخی ئەو وڵاتەی بە شەڕی ناوخۆ لە قەڵەمدا و تاوەکو ئێستاش ئەو شەڕە بەردەوامە.

بابەتی پێشتر

باشترین کات بۆ وەرزشکردن لە رەمەزاندا چی کاتێکە؟

بابەتی دواتر

ئەو خواردنانەی لاسەرئێشە زیاتردەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share