دوای کۆبوونەوەی وەفدێکی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان راگەیاند و تێیدا بڕیاریاندا لیژنەیەکی هاوبەشی هەمیشەی دابمەزرێنن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو، “ئەم کۆبوونەوەیە درێژەپێدەری ئەو گفتوگۆیانەن کە هەردوو وڵات لە 19ی کانونی یەکەمی 2023 لە ئەنقەرە ئەنجامیاندا، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە هەڵوێستی هاوبەشی خۆیان لەبەرامبەر پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا بۆ بەغداد”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “بڕیاردرا کارەکان چڕبکرێنەوە بۆ پەسەندکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، بەمەبەستی دروستکردنی چوارچێوەیەک بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات”.
ئەو وەزارەتە دەشڵێت، “بڕیاریشدرا لیژنەی هەمیشەیی هاوبەش دابمەزرێنن کە تایبەتدەبن بە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان، بازرگانی، کشتوکاڵ، وزە، ئاو، تەندروستی و گواستنەوە و جەخت لە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق کرایەوە”.
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتووە کە هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە کۆبوونەوە و پەیوەندییەکان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندیدارن بە هەردوو وڵاتەوە.