بەهۆی پابەندنەبوون بەرێنماییەکان و هاڕینی ترش بەشێوەیەکی ناتەندروست، لە سلێمانی فرۆشگایەک داخرا و دەستبەسەر نزیکەی چوار تۆن ترشی هاڕاودا گیرا.
قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن بەگشتی و مەرجەکانی تەندروستی بەتایبەتی، هاڕینی ترش بەدەر لە رێنماییەکان، لیژنەی دوو بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی فرۆشگای وشکەی سۆران لە بازاڕی سەعید تەها کۆیی دادەخات.
لە راگەیەندراوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانیدا هاتووە، بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی نابێت هیچ جۆرە خواردەمەنییەک لەسەر زەوی دابنرێت، بۆیە هەڵڕشتنی ترش لەسەر زەوی و هاڕینی بەشێوەیەکی ناتەندروست، دوور لە رێنماییەکانە و رێگەپێدراو نییە.
قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، لە دووکانی وشکەی سۆران و کۆگای هاڕینی ترشەکەی، دەستبەسەر نزیکەی چوار تۆن ترشی هاڕاودا گیراوە و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناودەبرێت، خاوەنەکەشی روبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.