لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران زانیارییان لەبارەی وادەی ناردنی پرۆژەی هەمواری یاسای بودجە نییە و ئەندامانی ئەنجومەنەكەش باس لەو خشتانە دەكەن كە بڕیارە هەمواربكرێتەوە.
هەمواری یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 لە بەردەم وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراقدایە و چاوەڕوان دەكرێت پاش تەواوكردنی، رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی.
ئەحمەد تەها روبەیعی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی بڕیارە بۆ ئەمساڵ بەسەر یاساكەدا بهرێنرێت رایگەیاند، وەزارەتەكان دەستیانكردووە بە ئامادەكردنی ئەو خشتانەی دەیانەوێت لە یاسای بودجەی 2024دا هەبێت، بەمەبەستی ئامادەكردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران تا دەنگی لەسەر بدات.
وتیشی، “بودجە پێویستە بە پاشكۆی هەمواركراو هەیە لەڕێی دەق و خشتەكانەوە”.
سەرەتای ئەم مانگە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دوایین گۆرانكارییەكانی یاسای بودجەی بۆ ئەمساڵ ئاشكراكرد و رایگەیاند، بڕەكەی بەرزدەبێتەوە بۆ 206 ترلیۆن دینار لە جیاتی 199 ترلیۆن دینار.
مستەفا كرعاوی، ئەندامی لیژنەكە لە لێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان رایگەیاند، ماددەی 77/ دووەمی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەكانی 2023، 2024 و 2025 ئاماژە دەدات بە ئاراستەكردنی خشتەی نوێی بودجەی 2024 بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێكردنی زیادكردن یان كەمكردنەوە لە دۆسیەی تەرخانكراوە داراییەكان بەپێی داهاتە پێشبینیكراوەكان و نرخی جێگیركراوی نەوت.
ئەوەشی وت، خشتەكان تائێستا لە ئەنجومەنی وەزیران لە قۆناغی ئامادەكردندان، وەك ئامادەكارییەك بۆ راستاندنی و، ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەست بە تاوتوێكردنی دەكات راستەوخۆ دوای ناردنی لەلایەن حكومەتەوە.
لای خۆیەوە جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، تائێستا نازانن كەی حكومەت خشتەكانی یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 دەنێرێت و، خشتەكان چی لەخۆیان دەگرن لەرووی تەرخانی دارایی پرۆژەكان و ئەودوای خەرجییەكان.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە حكومەت پەلەبكات لە ناردنی وردەكارییەكانی بودجەی 2024 بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی تاوتوێكردن و هەمواركردنی كە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندایە.