بەڕێوەبەرایەتيی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سلێمانی، بڕیاریدا دایەنگە حكومییەكان دەست بە دەوام بكەنەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكەش داوادەكات هەموو ئەو منداڵانەی ئەمساڵ لە دایەنگە حكومیيەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی كۆمەڵایەتيی سلێمانی ناویان تۆماركرابوو سەردان بكەنەوە.
بە پێی وتەی بەنان وەهاب بەرپرسی بەشی دایەنگەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، كارمەندانی دایەنگە حكومییەكان بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیان دەوامیان راگرتبوو ،لەئێستادا دوای كۆبوونەوەیان بڕیاری كردنەوەی دایەنگەكان بە رووی منداڵان درا و سبەی یەكشەممە دەستنیشانكراوە بۆ كردنەوەی سەرجەم دایەنگە حكومییەكان و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكاری بۆ كردنەوەیان تەواوبووە و دەوامی ئاسایی دەستپێدەكاتەوە.
بەنان وەهاب وتیشی، ” لە سنووری كاری بەڕێوەبەرایەتيی گشتی (8) دایەنگەی حكومی هەن كە دەكەونە ناوشاری سلێمانی و قەزاكانی دەوروبەری و منداڵان لە قۆناغی یەك ساڵی بۆ چوار ساڵی لەخۆ دەگرن و پابەندی تەواو بە سیستم و رێنماییەكان بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ گەشەی منداڵ دەبین”.
سەبارەت بەكاتی دەوامكردنیان، بەرپرسی بەشی دایەنگەكان وتیشی،.” رۆژانی یەكشەممە تا رۆژی چوارشەممە لە كاتژمێر 7:30 خولەكی بەیانی تـــا كاتژمێر 2:00 كارمەندان لەدەوامدا دەبن”.