راهێنانێكی ئاسان هاوكار دەبێت لە دابەزاندنی بەرچاوی فشاری خوێن

بەتەنها (وەرزشی ئایسۆمێتری- Isometric exercise)ی وەك (دانیشتن بە دیوارەوە) دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی فشاری خوێن زیاتر لە هەر وەرزشێكی دیكە، وەك ئەوەی توێژینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە لە رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكیدا بڵاوكراوەتەوە.

راهێنانی (دانیشتن بە دیوارەوە)، بریتییە لە پشتبەستن بە دیوار لەگەڵ رێكخستنی جەستە هاوشێوەی دۆخی دانیشتن لەسەر كورسی.

وەرزشی ئایسۆمێتری بریتییە لە گرژكردنی ماسولکەیەکی دیاریکراو یان کۆمەڵێک ماسولکە، لە گۆشەی دیاریکراو و شوێنی جێگیردا و، پێویستی بە جوڵە نییە.

بەپێی توێژینەوەكە نزیكەی هەشت خولەك لەم راهێنانە، بەتەنها سێ جار لە هەفتەیەكدا دەبێتەهۆی “دابەزینێكی بەرچاوی فشاری خوێن”.

ئەم توێژینەوەیە هەواڵێکی خۆشە بۆ ئەو کەسانەی هەوڵی بێوچان دەدەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێنماییانەی چالاكیی جەستەیی كە پێیاندراوە و زۆرینەی جار كەمتر نییە لە 150 خولەكی هەفتانە، وەک رۆیشتن بە خێرایی یان پاسکیلسواری.

(دانیشتن بە دیوارەوە) ماوەی دوو خولەك و پشوودانەكەشی دوو خولەك دەخایەنێت بۆ چوار جار، واتە ئەنجامدانی تەنها 14 خولەك دەخایەنێت، لەنێویشیاندا كاتەكانی پشوو هەیە، بەمەش راهێنانەكە زۆر ئاسانترە لە راهێنانە هەفتانەییەكانی دیكە.

لۆرا ریچاردسۆن، پسپۆڕی فیزیۆلۆژی لە زانکۆی میشیگان کە بەشداری توێژینەوەکە نەبووە، دەڵێت، “لە روانگەی پزیشکییەوە، ئەمە ئەنجامێکی زۆر ئومێدبەخشە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “توانای بەکارهێنانی وەرزشی ئایسۆمێتری وەک ئامرازێکی چارەسەر بۆ ئەو کەسانەی فشاری خوێنیان بەرزە، كارێكی نایابە”.

ئەوەی وەرزشی (دانیشتن بە دیوارەوە) لەوانی دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە كە دەتوانرێت بە ئاسانی لەهەر کات و شوێنێکدا ئەنجامبدرێت و، پێویستی بە ئامێری وەرزشی نییە.

بابەتی پێشتر

كارمەندانی گواستنەوەی گشتی لە ئەڵمانیا مانگرتنی بەكۆمەڵیان ئەنجامدا

بابەتی دواتر

وەزیری دارایی هەرێم نوێترین زانیاری لەبارەی پلەبەرزكردنەوە ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share