وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت، “دەستخراوەتە قوڕگی 7 ملیۆن كەس و 55 ماددەی دەستووری بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان پێشێلكراون”.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم وەڵامی راوێژكارێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت، “ئێوە واز لە دیبلۆماسییەت بهێنن و خەریكی مووچەبن و پرسیارەكە ئەمەیە، سەرەڕای ئەوەی بە نادەستووری دەستخراوەتە قوڕگی حەوت ملیۆن كەس و برسی دەكرێن و 55 ماددەی دەستووری بەرامبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان پێشێلكراون، بەڵام ئەم بەڕێزە دڵی لای ئەوەیە كە نابێت هەرێم جووڵەی دیبلۆماسی هەبێت”.
دەشڵێت، “پێویستە هاوڵاتییان لە سەرانسەی عێراق بزانن كە ئەوانەی شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەخۆرەكانی راگرتووە، كەسانی وەك ئەو راوێژكارەن كە تا سەر ئێسقان بەو عەقڵییەتە شۆڤێنییە پێداگیری لە سەر برسیكردنی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكەن”.
وتەبێژی حكومەت لە پەیامێكشیدا رایگەیاندووە، “ئێمە دڵنیاین كەسانی هاوشێوە و خاوەن ئەم بیر و هزرە كۆسپن لەبەردەم نزیكبوونەوەی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و هەروەها راوێژكاری هاوشێوەن كە دەیانەوێت لەمپەر بخەنە بەردەم هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەل هەرێم.