بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، هاوڵاتییەكی بەساڵاچوو لەكاتی چوونی بۆ مزگەوت، تەقەی لێكرا و دوای گەیاندنیشی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانیلەدەستدا.
مقەدەم بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نێردراوە و تێیدا هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ هاوڵاتی عەلی ئەوڕەحمان قادر تەمەن 85 ساڵ كە خانەنشینە و دانیشتووی گەڕەكی گوڵانی پارێزگای هەڵەبجەیە لەكاتی چوونی بۆ نوێژی عیشا لەبەردەم مزگەوتی گوڵان لەلایەن چەكدارێكەوە تەقەی لێكرا و برینداركراوە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەڵەبجە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا و دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە لە بنكەی پۆلیسی هەڵەبجە رێكخراوە و تیمی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایش لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن بۆ دۆزینەوەی بكوژی ئەو هاوڵاتییە.