وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاماری دابەشكردنی نەوتی هەرێم و عێراق بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، “زیاتر لە یەك ملیۆن و 170 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەندبوون”.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تا 24ی ئەم مانگە زیاتر لە 234 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتییان دابەشكراوە كە هەولێر، نزیكەی 96 ملیۆن لیتر، سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە 89 ملیۆن لیتر و دهۆك، زیاتر لە 49 ملیۆن لیتر.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تاوەكو ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن 170 خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپیی حكومەتی هەرێم سوودمەندبوون و دەكاتە رێژەی زیاتر لە (90%)ی كۆی ژمارەی خێزانەكانی هەرێم.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، وەزارەتی نەوتی عێراق تا 24ی ئەم مانگە زیاتر لە 17 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە و بەم شێوەیە لەسەر پارێزگاكان دابەشكراون هەولێر، نزیكەی هەشت ملیۆن لیتر، سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر و دهۆك، زیاتر لە شەش ملیۆن لیتر كە نزیكەی 69 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپیی حكومەتی عێراق سوودمەندبوون و دەكاتە رێژەی نزیكەی (22%)ی كۆی ژمارەی خێزانەكانی هەرێم.