زانیاریی نوێ لەبارەی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە

ئەم هەفتەیە چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان دوو وفدی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق ئەنجامدرا، بابەتی کۆبوونەوەکان پرسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2024 و خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بوون، قسەکان بەو ئاڕاستەیەن کە کۆبوونەوەکان ئەنجامی خراپیان نەبووە.

وەفدی یەکەم، رۆژی شەممە بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم چوونە بەغداد، چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عیراق و ئەندامانی لیژنەی راسپێدراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم لە بەغداد ئەنجامدا و رۆژی دووشەممە گەڕانەوە، بە گوێرەی زانیارییەکان بەرەوپێشچوون هەبووە و هەوڵدەدەن لەسەر خاڵە بنچینەییەکان نزیکبوونەوە هەبێت، بەڵام هێشتا رێکنەکەوتوون.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی لە لێدوانێکدا رۆژی 9ی ئەم مانگە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، کۆبوونەوەکان باش بوون، داوایانكردووە پارەی مووچەی فەرمانبەران لە خەرجییەكانی دیكە جیابكرێنەوە و خەرجیی گواستنەوەی نەوت لە ھەموارەكە چارەسەربكرێت و هەردوولاش دەیانەوێت بە زوویی ھەمواری یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت و پەسەندكردنی هەموارەكەش كاری لە پێشینەی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت لە وەرزی نوێی یاساداناندا.

دووەم وەفدی هەرێم دوێنێ لە بەغدادبوون، رۆژی چوارشەممە 10ی کانوونی دووەم، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کۆبوونەوەیەکی باڵا لە بنکەی وەزارەتەکەیان ئەنجامدراوە، دوو جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بریتیبوون لە محەمەد عەلی تەمیم وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆک وەزیران، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیران و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و کەمال محەمەد وەزیری سامانەسروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت و وەفدێک کە لەگەڵی بوون و چەندین بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی نەوت، ئامادەی بوون.

دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیاندراویکدا وەزارەتی نەوتی جەختیکردەوە، وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە، حکومەت بەپەرۆشە بۆ تەواوکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2024 و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی بە لەبەرچاوگرتنی بڕی هەناردەکراوی نەوت بە پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە، بە گوێرەی ئەو بڕەی رێکخراوی ئۆپیک بۆ عێراقی دیاری کردووە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە بەهۆی ئەوەی هیچ دژایەتییەکی توند و جدی نییە بەرامبەر بە رێککەوتنەکان و بە گوێرەی قسەی یاریدەدەرێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش بێت، بەڵێندراوە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هەمواری یاسای بودجە پەسەندبكرێت و كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم  چارەسەربكرێت.

 

 

 

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: بارینی بەفر و باران بەردەوام دەبێت

بابەتی دواتر

بانکی ناوەندیی عێراق زۆرترین بڕی دۆلاری لە 2024دا خستەبازاڕەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share