وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، لە هەناردەی نەوتی 2024دا پشکی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگیرێت و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمیش، “ئامادەیی هەرێمی دووپاتکردووەتەوە.”
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی نەوت بەڕێوەچوو، وەزیری پلاندادان کە جێگری سەرۆکوەزیرانە و وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەفدی هەرێم ئامادەی بوون، تێیدا گفتوگۆی ئالییەتەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2024 کراوە لە هەردوو لایەنی کارگێڕی و وەبەرهێنانەوە، بەلەبەرچاوگرتنی نرخی نەوت و داهاتی پێشبینیکراو لەمساڵدا.
وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە، حکومەت بەپەرۆشە بۆ تەواوکردنی خشتەکانی ساڵی 2024 و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی بە لەبەرچاوگرتنی بڕی هەناردەکراوی نەوت بە پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە، بە گوێرەی ئەو بڕەی رێکخراوی ئۆپیک بۆ عێراقی دیاری کردووە.
لای خۆشییەوە، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەیی هەرێمی راگەیاندووە بۆ هاوکاری لە بواری هەناردەکردنەوەی نەوت بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجە دیاریکراوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی وەزیری دارایی، ئاماژەی بە گرنگی بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە بودجەدا کردووە بۆ دەستەبەرکردنی بودجەی پێویست بۆ خەرجییە بنەڕەتییەکان، لە کارگێڕی و وەبەرهێنانەوە.