كەیسی قەرەبووكردنەوەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە قۆناغێكی نوێ دەبڕێت و كۆمەڵەی قوربانیان داوای بەڵگەنامە پێویستەكان لە بەركەوتوو و وارسی شەهیدان دەكات.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، مژدەی ئەوە دەدەین كە كەیسەكەمان قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و بەرەوپێشەوە چوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
وتیشی، سكاڵای دۆسیەكە بەرامبەر ئەو كۆمپانیا و كەسانە تۆماركراوە كە هاوكاری رژێمی بەعس بوون بە پێدانی چەك، تا رووبەرووی یاسا بكرێنەوە.
دانیشتن لەسەر دۆسیەكە لە دادگای سلێمانی بۆ 12ی ئازار دواخراوە، دادگا داوایكردووە ئەو بەركەوتووانەی ناویان لە سكاڵاكەدا تۆماركردووە، بە بەڵگە بەركەوتەبوونیان پشتڕاستبكرێتەوە كە بە راپۆرتی پزیشكی دەبێت، لوقمان عەبدولقار وای وت.
داواشیكرد لە سەرجەم ئەو بەركەوتووانەی ناویان تۆماركردووە، تا پێش رێككەوتی دانیشتنەكەی دادگا بەڵگەكانیان رادەستی كۆمەڵەكەیان بكەن، تا وەك قوربانی و بەركەوتە ئەژماربكرێن.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییان روونیشیكردەوە، ئەوەی وەك شەهید لەلایان تۆماركراوە دوو هەزار و 288 كەسن، ئەو وارسانەی قەسامیان بۆ شەهیدەكانیان دەرنەهێنراوە یان قەسامەكانیان كۆپییە، قەسامی نوێ بگەیەننە كۆمەڵەكەیان، بە پێچەوانەوە ناویان دەسڕێتەوە.