مادەی هۆشبەر.. تیرۆری سپی لە هەرێمی کوردستان

مادەی هۆشبەر لەسەر ئاستی جیهان بە یەکێک لە مەترسیدارترین کەیسەکان دادەنرێت، چ لە ڕووی بەکارهێنان یاخود بازرگانی پێکردنی بە سەرجەم جۆرەکانییەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئامارەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەو مادە مەترسیدارە لە هەڵكشاندان و تەنها لە نۆ مانگی ئەمساڵدا نزیكەی نیو تۆن لەو مادەیە دەستی بەسەردا گیراوە.

لەمساڵدا چەندینجار لەلایەن ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانەوە هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی مادەی هۆشبەر دراوە، بەڵام دەڵێن، ڕێكارەكان بەگوێرەی پێویست نین.

ئامارەكانی مادە هۆشبەرەكان لە هەرێم چی دەڵێن؟
بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەكانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای داون، 430 كیلۆ و 394 گرام مادەی هۆشبەر تەنها لەماوەی نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە هەرێم دەستیبەسەرداگیراوە.

لەکاتێکدا لە ساڵی 2019دا كۆی ئەو مادە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە 203 کیلۆ و 16 گرام بووە.

هۆشداری دەدرێت
هاوکار ڕەفیق، چالاکوانی بواری بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “مەترسیی جەوهەریی مادەی هۆشبەر بۆ سەر لایەنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگایە، چونکە ئەوانەی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن تەنها بەوە ناوەستن کە کاریگەریی زیانەکانی لەسەر خۆیان بێت، بەڵکو سەردەكێشێت بۆ کێشە خێزانییەکان و زۆربوونی جیابوونەوە و ئاژاوە دروستکردن و توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و هەڵگرتنی چەک بە نایاسایی”.

ئەو چالاكوانە ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی بۆ ماوەیەکی زۆر یاخود چەند ساڵێک مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن بەلایەنی کەمەوە تاوانێکی دیکە یاخود بابەتێکی نایاساییان ئەنجامداوە.

هۆشداریشیدا لە بەرزبوونەوی ژمارەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، “ئێستا بەراورد بە ساڵی 2018 و 2019 ئامارەکانی بەكارهێنان و بازرگانی كردن بە ڕێژەی %30 زیادیان کردووە، هۆکارەکەشی زیاتر بۆ کەرەنتینە و خراپی دۆخی ئابوری خەڵک دەگەڕێتەوە لەمساڵدا”.

“ژن و منداڵیش خراونەتە ناو بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە”
بەپێی ئامارە فەرمییەكان هەر لەو نۆ مانگەدا لە هەرێمی كوردستان، هەزار و 712 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا کۆی ئاماری سەرجەم ساڵەکە دەستگیركردنی 856 کەس بووە.

دڵشاد مەحمود سەلمان، بەڕێوبەری گشتیی دیوانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم ڕایگەیاند، “مەترسیی گەورە ئێستا لای ئێمە وەکو لایەنی فەرمی ئەوەیە بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان لە حاڵەتەوە بەرەو دیاردە دەڕوات، چونکە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە ڕەنگە لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی دەوروبەرەوە بەرەو ئالودەبوون ببرێت”.

بەڕێوبەری گشتیی دیوانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئابوریی خەڵک پاڵنەرێکی بەهێزە “ئێستا وایلێهاتووە ژن و منداڵیش خراونەتە ناو بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر کە ئەم مەترسییەك زۆر گەورەیە”.

“ئەوانەشی کە بەتۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن دێنە لای ئێمە بۆ چاکسازییەکان، بەداخەوە دەبینین ژمارەی منداڵ واتە تەمەنی 12 ساڵ بۆ 18 ساڵ بەردەوام لە زیادبووندایە، زۆرینەیان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرن، هەروەها ژنان ئێستا زیاتر ڕادەکێشرێنە ناو بابەتەکەوە بۆ بازرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکان، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا گومانەکان کەمتر دەچنە سەر ژنان”، دڵشاد مەحمود وا دەڵێت.

لای خۆشییەوە هاوكار ڕەفیق ڕایگەیاند، “مەترسییەکە زۆر زۆرە بەڕادەیەک هیچ کەسێک نییە پرسیاری لێبکەیت چیرۆکێک یان زیاتری لانەبێت، کاتێک لە یەک ڕۆژدا 25 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ دەستیبەسەردا دەگیرێت ئەو بڕە دەتوانێت هەموو سلێمانی بێهۆش و ئاڵودە بکات”.

هۆكارەكانی زۆربوونی مادەی هۆشبەر لە هەرێم چین؟
كۆرۆنا و كەرەنتینە لەگەڵ خراپبوونی دۆخی ئابوری بە هۆكاری زۆربوونی مامەڵەكردن و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە ساڵی 2020دا دەزانرێت، لەپاڵ ئەوانەشدا هۆكاری دیكە ئاماژەی پێكراوە.

هاوکار ڕەفیق، سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر وتی، “کەمتەرخەمی و خەمساردی حکومەت و دادگا لەو پرسەدا هەیە، یاسایەک جێبەجێدەکرێت یاسای 68ی ساڵی 1965ی عێراقییە كە سزاکانی زۆر سوکن و کەسێک کە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەکات دەتوانێت بە چەند ساڵێک زیندانیکردن ئازاد دەکرێن”.

ئەو چالاكوانە باسی لەوەشكرد، “جگە لەوەش دەستێوەردانێکی زۆر جیدی لە دادگاکان هەن، کەسێک بە چەند کیلۆیەک مادەی هۆشبەرەوە دەستگیردەکرێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان بۆی چارەسەردەکرێت و سزاکەی بۆ سوکدەکرێت”.

“دەیان هەزار كەس لە هەرێم ئاڵودەبوون”
لە لێدوانێكی پێشووتریدا لە 4ی تشرینی یەكەم، جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوبەری نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان لە سلێمانی ڕایگەیاند، “ئێستا ئامارەکانی بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر بەردەوام بەرزدەبنەوە، هیچ کاتێک نەبووە ئامارێک کەمتر بوبێت لەوەی پێشوتری خۆی، ئێستا ژنانیش بە ڕێژەی زیاتر لە پێشوو بەکاریدەهێنن و بازرگانی پێوەدەکەن تەنانەت هەندێجار تەمەنی خوار 18 ساڵیشی تێدایە”.

هاوکار ڕەفیق، چالاکوانی بواری بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان وتی، “لەنێوان 60 بۆ 100 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تێوەگلاون و ئاڵودە بوون بە مادەی هۆشبەر”.

ئامارەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی، لە ساڵی ڕابردوودا بڕی هەزار و 846 شیت حەپ دەستی بەسەردا گیراوە، لەکاتێکدا لە نۆ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا ئامارەكە بەرزبووەتەوە بۆ 9 هەزار و 215 شیت حەپ.

مامەڵە بە مەترسیدارترین مادەی هۆشبەرەوە كراوە
ئەمە لەکاتێکدا، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زۆرترین بڕی ئەو مادەهۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، لە جۆری کریستاڵ بووە، کە بە مەترسیدارترین جۆری مادەی هۆشبەر هەژمار دەكرێت.

لە 4ی تشرینی یەكەم لەكاتی دەستبەسەردا گرتنی 25 كیلۆ كریستاڵ، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوبەری نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان لە سلێمانی ڕایگەیاند، “لە سنووری هەرێمی کوردستان دەستمانگرتووە بەسەر 25 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا، ئەوانەشی ئەو مادەهۆشبەرەیان هێناوەتە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون”.

جەلال ئەمین بەگ وتیشی، “مادەکان لە جۆری کریستاڵ (شیشە)ن کە ترسناکترین جۆری مادەی هۆشبەرە، هەرکەسێک بۆ ماوەی شەش مانگ بەکاریبهێنێت کاری دڕندانە دەکات، تەقە دەکات و چەقۆ دەوەشێنێت و دەستدرێژیی سێکسی تەنانەت بۆ سەر کەسە نزیکەکانی خۆشی ئەنجام دەدات”.

بەرپرسەکەی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر لە سلێمانی باسیلەوەشکرد، ئەوانەی ئەم بڕە مادە هۆشبەرەیان هێناوەتە هەرێمی کوردستان بەنیازبوون بیبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بە ڕێگەی پۆست کە بەشێوەیەکی وا لە کارگە دەیشارنەوە کەسانی زۆر شارەزا نەبێ ناتوانرێت هەستیان پێبکرێت.

بابەتی پێشتر

محەمەد ڕەزا شەجەریان کۆچی دواییکرد

بابەتی دواتر

ئوردن و ئیسرائیل ڕێككەوتنێكیان ئیمزاكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share