وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، لە کۆتای ساڵی رابردوودا، دانیشتووانی عێراق 43 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و هەڵئاواسانی ئابوری بۆ 4.4% کەمی کردووە.
بەیانی ئەمڕۆ عەبدولزەهر هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس، لەو ژمارەیە 69.9%ی لەناو شارەکان دەژین، 30.1%ی دانیشتوان لە گوندەکان دادەنیشن.
بە گوێرەی قسەکانی وتەبێژەکە، 41%ی دانیشتوانی عێراق تەمەنیان لە خوار 15 ساڵەوەیە، تەمەنی 15 ساڵ بۆ 64 ساڵ زۆرترین ژمارەی دانیشتوانن و 57% پێکدەهێنن و ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵەوەیە، 3%ی دانیشتوان پێکدەهێنن.
هاوکات، رێژەی چالاکیی ئابوری دانیشتوانی تەمەن 15 ساڵ بەرەو سەر گەیشتووەتە 40% و ژمارەی نێرینەی چالاکی ئابوری گەیشتووەتە 87% و مێینە چالاکەکان لە ئابوریدا، 13%.
عەبدولزەهر هینداوی ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئاستی هەڵئاوسانی ئابوری لە عێراقدا لەماوەی ساڵی 2023دا بۆ 4.4% دابەزیووە، لە کاتیکدا لە ساڵی 2021دا 6.1%بووە و لە ساڵی 2022دا 4.9% بووە.