یاقووتەکەی عێراق وشکدەبێت

لەسەرەتای کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق دەریاچەی ساوە کە بە “یاقووتەکەی عێراق” ناسراوە، لە ناو دڵی بیابانی سەماوە لە پارێزگای موسەنا چاوی عێراقییەکانی لەسەرە بەهۆی ئەوەی دەریاچەکە بەتەواوی وشکبووە.

دەریاچەکە لەماوەی ڕابردوودا وێنەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕە عێراقییەکان بڵاوبووەوە کە دەردەکەوێت بەتەواوی بەرەو وشکبوون دەچێت، ئەمەش نیگەرانیی لای عێراقییەکان و بەتایبەت خەڵکی پارێزگای موسەنا دروستکردووە، چونکە دەریاچەکە گرنگییەکی تایبەتی لای خەڵکی ناوچەکە هەبووە.

دەریاچەی ساوە بەوە ناسراوە ڕێژەیەکی بەرز لە خوێی تێدایە بەراورد بەسەرجەم دەریاچەکانی دیکەی وڵاتەکە، ڕێژەکەی دەگاتە 1500 لە ملیۆنێک، ئەوەش بەرزترین ڕێژەی خوێیە لەسەرجەم ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی بە ئەوەندە و نیوێک.

قوڵیی ئاوی دەریاچەی ساوە لەنێوان چوار بۆ پێنج مەتر دەبێت، ڕەنگەکەی لەنێوان سەوزی تۆخ بەرەو شینە لە قوڵایی دەریاچەکەدا.

دەریاچەی ساوە ناسراو بە “یاقووتەکەی عێراق”، لەناو دڵی بیابانی سەماوەدایە شێوەی دەریاچەکە لەبەرزییەوە هاوشێوەی “هەرمێ”یە، ئەوەش وایکردووە ببێتە ناوچە و دەریاچەیەکی گەشتیاری لای عێراقییەکان.

دەریاچەکە هیچ ئاوێکی تێناڕژێت، بەڵکو سەرچاوەکەی ئاوی باران و ئاوی ژێر زەوییە، ئێستا بەهۆی وشکبوونەوە و قەیرانی ئاو لە عێراق دەریاچەکە بەتەواوی وشکبووە.

هۆکاری وشکبوونی دەریاچەکە بۆ کەمی بارانبارین و گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا و مامەڵەی خراپی خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ ئاوی ژێر زەوی بە لێدانی ژمارەیەکی زۆر بیر دەگەڕێتەوە، کەبەپێی وتەی بەرپرسانی ناوچەکە هۆکاری دووەمیان هۆکارە سەرەکییەکەیە.

ساوە، لە مێژوویدا بەوەناسراوە کە چارەسەربووە بۆ بەشێک لە نەخۆشییەکانی پێست بەهۆی ئەو پێکهاتە کیمیاییە تایبەتەی هەیەتی کە ڕێژەیەکی زۆر کبریتی تێدایە.

بەهۆی ڕێژەی خوێی زۆری دەریاچەکە وایکردووە بەردی خوێینی بەهێز هاوشێوەی دیوار بەدەوری دەریاچەکەوە دروستببێت، ئەوەش تایبەتمەندییەکی دیکەی بە دەریاچەکە داوە.

بەهۆی سوێرییەكەیەوە هیچ جۆرە گیایەك لەناو دەریاچەكە و لەدەوروبەرەكەیدا سەوز نابێت ،ماسی و قەوزە دیارترین بوونەوە ئاوییەكانی ناویەتی، ئەو جۆرە ماسیەش كە لەناو دەریاچەی ساوەدا دەژین یەك جۆرن كە پێیان دەوترێت ماسی تولەی عەرەبی، هەروەها لە قوڵایی ئاوەكەدا جۆرە قەوزەیەك بوونی هەیە.

بەپێچەوانەی ژیانە ئاوییەكەی، دەوروبەری دەریاچەكە چەندین جۆر باڵندەی ئاوی تێدایە، كە ژمارەیان دەگاتە 25 جۆر باڵندە، لەدیارترینیان مراوی ئاوی، گری ئۆراسی، پەپوسڵێمانەی عێراقی، كروپی خۆڵەمێشی.

لەدەوروبەری دەریاچەكە چەندین جۆر لە ئاژەڵە شیردەرەكانی وەك ڕێوی، كەمتیار، چوالوو هەن، ئەوە جگە لە چەند جۆرێك لە خۆشۆكەكان وەك ماری ئاوی.

بابەتی پێشتر

تێچووی جیابوونەوەكەیان 17 ملیۆن دۆلارە

بابەتی دواتر

چیدی هەڵمەخەڵەتێ.. بەم نیشانانەدا بزانە بەرامبەرەکەت درۆدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share