ستران عەبدوڵا لە وتارێکیدا رایدەگەیەنێت، ماوەی داهاتوو رەد و بەدەلی زۆر دروستدەبێت لەسەر ئایندە و شێوازی حکومەتی لۆکاڵی کەرکوک، لەسەر بەشی لایەنەکان و پێکهاتەکان، لەسەر جەنەڕال پۆست کە پۆستی پارێزگارە.
لە درێژەی وتارەکەیدا ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، “لەپەنا ئەم تەداروکانەی کوڕی ئیستحقاقی هەڵبژادن و کچی سازان و زادەی گفتوگۆی لایەنەکانن، شتی دیکەش هەن و دەقەومێن، شتی دیکە کە کاریان بەلاڕێدا بردن و کاردانان و تاقیکردنەوەی ئیرادەن، لەوانە گێچەڵە ناڕەواکەی سوپا دژی خەڵکی گەڕەکی نەورۆز، لەوانەشە کەینوبەینی دیکەش مابن کە ساحیرەکان لە چەکمەجە دایاننابێ و پەیتا پەیتا لەبەردەم دیموکراتی و ئیرادەی دەنگدەر قیتی دەکەنەوە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “گرنگە کورد و بەتایبەتیش یەکێتی کە بە کردار دۆسێکەی بەدەستەوەیە، هەم بە گفتوگۆ و تەکبیری کراوەی سیاسیی و هەمیش بە (عەزمی بەتینی) نیشتمانی و نەتەوەیی لەگەڵ پێشهاتەکان مامەڵە بکات، وەک لە ئەدەبیاتی جارانی حزبەکەماندا هاتووە(نە لەباری ببەین، نە مرادری بکەینەوە).
دەشڵێت، “یەکێتی حزبی کۆمەڵانی خەڵکە و لەوانەوە هەڵقوڵاوە و دەشزانێت دەنگی دیموکراتی خەڵک ئەمانەتە و سیاسەتی چەپکە گوڵەکە و پرەنسیبی (نەشتەرگەری مێشک)یش کە هی سەرۆک مام جەلالە، ئەمانەش ئەمانەتی سەربارن، یەکێتی بەم کۆکتێلە گیراوەوە دەتوانێت ئەرخەیان بێت کە لەسەر رێگە ڕاستەکەیە، جا لەم رێگایەشدا ئاساییە، هەر قۆرت و رێگری دێن و دەرۆن، ئەمانە هیچ نین، (یاری تلیماج)ی پێش کلاسیکۆ مەزنەکەی پێکهاتنی حکومەتی داهاتووی کەرکوکن”.
لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختلەوە دەکاتەوە، “سەرۆکی یەکێتی هەڤاڵ بافڵ لە سەکۆی کەرکوکەوە رایگەیاند، (دەنگ لە ئێوە و شەڕی مافەکان بۆ ئێمە جێبهێڵن)، پەیامەکە زۆر روون و ئاشکرابوو، کاتێتی، مەسەلە گەڕەکی نەورۆز نییە، مەسەلە ئاهەنگی نەورۆزە کە لەگەڵ جاڕدانی ئیدارەی ئیئتلافی کەرکوک، بۆ بەهاری داهاتوو، ئاگرەکەی دڵی هەموو نەتەوەکان گەرمدەکاتەوە”.