وەفدی هەرێم لە بەغداد پەیامی ئەرێنی پێگەیشتووە

وەفدی هەرێم كە دوێنێ گەیشتە بەغداد پەیامی ئەرێنی پێگەیشتووە دەربارەی هەمواری تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا، وەك ئەوەی سەرچاوەیەكی سیاسیی ئاگادار ئاماژەی پێدا.

سایتی (بەغداد لیەوم) لە زاری سەرچاوەكەوە رایگەیاند، سەردانەكەی دوو رۆژ لەمەوبەری فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ هەولێر، هەڵگری پەیام و ئامادەیی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو بۆ كۆتاییهێنان بە سەرجەم ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

وتیشی، “سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نایانەوێت بەرەیەكی دیكەی ناكۆكی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكەنەوە، هەروەها كۆدەنگی هەیە لەسەر هەمواری یاسای بودجە بەجۆرێك كە زامنی پشكی هەرێم بكات، دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لەسەر ئەو پرسە درێژە ناكێشێت”.

پێشتر تۆڕی میدیایی ئێستا بڵاویكردەوە لە سەردانەکەی وەفدی حکومەتی هەرێم و لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەغداد، پرسی مووچەی مووچەخۆران و جیاكردنەوەی لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.

دوێنێ وەفدێكی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی گەیشتە بەغداد و، بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاكانی پەیوەست بە ناوەرۆكی داواكارییەكان دەستپێبكات.

هەر دوێنێ هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بڕیارە لە 9ی ئەم مانگەوە كاروبارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەكاتەوە و یەكەم كاریشی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنە، دواتر رێكارەكانی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە دەستپێدەكات و هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن بابەتی ئینفاقی فیعلی و پرسی مووچە یەكلابكرێتەوە و ئەو بودجەیەی پشكی هەرێمە لەكاتی خۆیدا و وەك خۆی رەوانەبكرێت.

وتیشی، “رێككەوتنی سیاسیی هەیە و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و لایەنەكان رەزامەندن كە هەمواری یاسای بودجە بكرێت و كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەربكرێت”.

بابەتی پێشتر

لەسەر بڕینەوەی داری سروشتی هاوڵاتییەک دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

100 دۆلاری ئەمریکی لە نزیک 153 هەزار دیناردایە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لەكاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و 100 دۆلار…
Total
0
Share