لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا، تیشکی خۆر کەمتر بە مرۆڤەکان دەگات کە سەرچاوەی سەرەکی دەستکەوتنی ڤیتامین Dیە، هەر بۆیە دەستکەوتنی لەسەرچاوەی دیکەوە دەبێتە کارێکی پێویست.
پێگەی مایۆ کلینیکی تەندروستی بڵاویکردووەتەوە، “ڤیتامین D یەکێکە لە ڤیتامینە گرنگ و پێویستەکان بۆ جەستەی مرۆڤ و دروستکردنی ئێسکی بەهێز و پارێزگاریکردنی، هاوکات ئەرکێکی دیکەی ئەوەیە بەبێ ئەو ڤیتامینە جەستە ناتوانێت کالسیۆمی پێویست هەڵبمژێت و دژە هەوکردنە و بەرگری جەستە بەهێز دەکات و ماسوولکە پتەو دەکات”.
دکتۆر ماری ڤان دێر، لە زانکۆی مێمفیسی ئەمریکا دەڵێت، “کێشەی ڤیتامین D ئەوەیە کە بە ئاسانی دەست ناکەوێت لە خۆراکی رۆژانەوە چونکە لە زۆر خۆراکدا نییە.”
ماسی سەلەمۆن و تونا و سەردین باشترین سەرچاوەکانی ڤیتامینەکەن، سپێنەی هێلکە و پەنیر و جگەری مانگا و قارچکیش بڕێکی کەمیان تێدایە، بۆ نمونە ژەمێکی سەلەمۆن 570 IU لەخۆدەگرێت و هێلکەیەکی گەورەی مریشکیش 44 IU.
بە گوێرەی پێگەکە، بڕی پێشنیارکراوی ڤیتامین D رۆژانە بریتییە لە 400 ئای یو کە یەکەیەکی نێودەوڵەتی، بۆ منداڵانی تا 12 مانگ، 600 ئای یو بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان یەک بۆ 70 ساڵدایە، 800 ئای یو بۆ کەسانی سەروو 70 ساڵ.
بۆیە ئەگەر کەسێک هەست بکات کەمی ئەم ڤیتامینەی هەیە دەبێت بەشێوەی تەواوکاری وەری بگرێت پاش پشکنین و بە راوێژی پزیشک.