وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایدەگەیەنێت، “دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان دەرگای تانەدان دەكرێتەوە و دواتر بەدواداچوون بۆ تانەكان و یەكلاكردنەوەیان دەكرێت و ئەنجامی تانەكانیش رادەگەیەنرێت.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو كۆمسیۆن دەستیكرد بەجیاكردنەوە و بژاردنەوەی دەستیی دەنگەكانی ئەو وێستگانەی كە بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە لە ئامێرەكاندا لە كاتی دیاریكراودا كە 6 كاتژمێرە ئەنجامەكانیان نەنێردرابوون بۆ ئۆفیسی سەرەكی لە بەغداد”.
وتیشی، لە پڕۆسەكەدا هەژماری دەستی بۆ زیاتر لە 1000 وێستگە كرا، كە 50 وێستگەیان تایبەت بوو بە دەنگدانی گشتی، هەروەها لە ئێستادا كە پڕۆسەكە تەواوبووە، هەوڵدەدەین لە ماوەیەكی نزیكدا ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق رابگەیەنین”.
وتەبێژەكەی كۆمسیۆن جەختیكردەوە، “لە ماوەیەكی نزیكدا ئەنجامی گشتیی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت و دواتر دەستدەكرێت بە وەرگرتنی تانەكان لەپڕۆسەكە و دوای یەكلاكردنەوەی تانەكانیش ئەنجامی تانەكانیش رادەگەیەنین”.