حكومەتی هەرێم: نابێت سیستمی پریپەید بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان دروستبكات

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆتاییهات و بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەكەدا جەختكراوەتەوە، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە كارەبا بەسەر ناوچەكان دابەشدەكرێت و دەشڵێت، “نابێت سیستمی پریپەید بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان دروستبكات.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆ لەبارەی رووداوی دڵتەزێنی ئاگركەوتنەوە لە باڵاخانەیەكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرا كە بەداخەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 كەس و برینداربوونی چەند كەسێكی دیكە و هەروەها رێكارەكانی بەهاناوەچوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕوودانی كارەساتەكە تاوتوێكران.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا، راپۆرتێكی سەبارەت بە بارودۆخی كارەبا لە هەرێمی كوردستان و گرفتی كوژانەوەی گشتی لە سیستمی كارەبای هەرێم كە ڕۆژی 11/30 روویدا و هەوڵ و پڕۆژەكانی وەزارەت بۆ زیادكردنی بەرهەم و گەڕانەوە بۆ بەرنامەی ئاسایی پێدانی كارەبا و بابەتی پرۆژەی پریپەید و نرخەكەی خستەڕوو.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزیری كارەبا لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە دا كە ئێستا 3473 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنرێت و رەوشی كارەبای نیشتیمانی دوای كوژانەوەی گشتی، ئاساییبووەتەوە و یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە نێوان 8 بۆ 10 كاتژمێردایە و باسی لە هەوڵ و پڕۆژە بەردەوامەكانی وەزارەت كرد بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە یەكەكانی كۆمباین سایكڵی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كوژانەوەی گشتی كە بابەتەكە تەنیا كێشەیەكی تەكنیكی بووە و ئەم جۆرە كێشە تەكنیكییانە لە زۆر شوێنی دونیا روودەدەن، هەروەها ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست دانا كە هەرێمی كوردستان لە وزەی كارەبای بەرهەمهاتووی نیشتمانیی خۆی بە ناوچەكانی دیكەی عێراق دەفرۆشێتەوە، بەڵكو روونیكردەوە كە بەرهەمی كارەبای هەرێم، دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دابەشدەكرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش كرا، بۆ سیستمی پریپەیدی پێدانی پارەی كارەبا، وەزارەتی كارەبا ئەوەی خستەڕوو كە ئەم پڕۆژەیە لەسەر حسابی هیچ پارێزگا و گەڕەك و ناوچەیەكی كوردستان نییە، بەڵكو و وەزارەت بە دادپەروەرانە بڕی كارەبای بەرهەمهاتوو دابەشدەكات و ئەم پڕۆژەیە، تەنها شێوازی پێدانی پارەی كارەبایە، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیكردەوە كە پڕۆژەی پریپەید نابێت بارگرانی لەسەر دارایی هاوڵاتییان دروست بكات و ئامانج لێی كۆكردنەوەی داهاتە بە شێوازێكی هاوچەرخانە تاوەكو داهاتەكە بخرێتەوە خزمەتی پڕۆژەكانی زیادكردنی وزەی كارەبای نیشتیمانی و خزمەتگوزارییەكە و بەكارهێنانی كارەبای بەرهەمهاتوو بەشێوەیەكی ئابووریانەتر كە كارەبای زیاتر بۆ هاوڵاتییان دابینبكرێت و هەروەها داوا لە هاوڵاتییانیش دەكات كە هاوكار و یارمەتیدەری حكومەت بن لە رێگای كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی ڕسوماتی كارەبا بەشێوەیەكی ڕێك و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حكومەتیش بتوانێت بەشێكی خەرجییە زۆرەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابینبكات و كارەبا بە باشی بە هاوڵاتییان بدات.

بابەتی پێشتر

بەتەمەنترین ژنی ژاپۆن کۆچی دواییکرد

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەم متمانەیەی كەركوكییەكان بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە و ئەركمان قورستردەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share