بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەم متمانەیەی كەركوكییەكان بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە و ئەركمان قورستردەكات

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك لەگەڵ رێبوار تەها، سەرۆك و كاندیدانی لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ مامەند، شاڵاو عەلی عەسكەری، هاوڕێ شێخ دارۆ و شێخ ئەحمەد حەمەكەریم، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و د. شەونم زرار بڵباس، ئەندامی سەركردایەتی ئامادەبوون، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی جەماوەری دڵسۆز و تێكۆشەری كەركوك كرد بۆ پێشوازی گەرم و پشتیوانییان لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە و كاندیدەكانی، وتیشی، “ئەم متمانەیەی كەركوكییەكان بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە و ئەركمان قورستردەكات، بۆیە دەبێت هەموومان بە ئەوپەڕی هێز و توانامانەوە لە خزمەت قودسی كوردستان بین و بە بەرنامە و پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە وەڵامی كەركوكییە خۆشەویستەكان بدەینەوە”.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ سیاسەت و ستراتیژی یەكێتی بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان خستەڕوو و رایگەیاند، “سیاسەتی ئێمە هەمان ئەو سیاسەتە حەكیمانەیەیە كە سەرۆك مام جەلال پەیڕەوی دەكرد، هیچ كەس و لایەنێك پشتگوێ ناخرێت و لە خزمەت هەموو نەتەوە و پێكهاتەكاندا دەبین، بڕوای تەواومان بە تەبایی و یەكتر قبووڵكردن هەیە و هەر بەو شێوەیەش دەتوانین خزمەتی كەركوك بكەین و داهاتوویەكی باشتر مسۆگەربكەین.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ داوای لە كەركوكییە سەربەرزەكان كرد بە هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانەوە دەنگ بە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بدەن و هەوڵەكانیان لەپێناو سەرخستنی لیستی 142 بێت، چونكە زامنی وەرگرتنەوەی دەسەڵات و پارێزگار دەكات و لەو رێگەیەوە شارەكە و ژیانی خەڵكە شكۆمەندەكەی بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ئاڕاستەدەكات.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیەكی كراوە بەڕێوەچوو و سەرۆك بافڵ بەپەرۆشییەوە گوێبیستی بۆچوونە جیاوازەكان بوو و رایگەیاند، بە هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی هێز و ئیرادەمانە و دەنگدان بە لیستی 142 ، وەڵامی هەموو ئەوانە بدەنەوە كە ژیان و سەقامگیریی كەركوكیان خستە مەترسییەوە و بەشداریی گەرموگوڕتان سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە كەركوك هەر قەڵای سەوزی یەكێتی و سەنگەری پاراستنی كوردایەتییە.

وتیشی، “سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی كاندیدەكانمان دەكەین كە بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و ئارامییەوە هەڵمەتەكەیان بەڕێوەبرد و هاوپەیمانییەكەشمان لەگەڵ حزبی شیوعی، بەرئەنجامی كاری پێكەوەیی و برایەتی بووە لەپێناو داهاتووی كەركوك و ژیانی خەڵكە خۆشەویستەكەی.

بابەتی پێشتر

حكومەتی هەرێم: نابێت سیستمی پریپەید بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان دروستبكات

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم هۆشداریی لە دروستبوونی تەم دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share