بافڵ جەلال تاڵەبانی: كەركوك لە دڵماندایە و ماڵی هەموو كەركوكییەك ماڵی من و یەكێتیشە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك لەگەڵ ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستا، زانای ئایینی و كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی سنووری پارێزگاكە كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ مامەند، شاڵاو عەلی عەسكەری، هاوڕێ شێخ دارۆ و شێخ ئەحمەد حەمەكەریم، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و رێبوار تەها، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ئامادەبوو، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی و كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كەركوكی كرد لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، گەشەپێدانی بیری میانڕەوی و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و رایگەیاند، “یەكێتی بە رێزەوە لە هەوڵەكانتان دەڕوانێت و پشتگیریی هەر هەنگاوێكیش دەكات كە ئامانجی پەرەپێدانی گیانی تەبایی و پێكەوەژیان بێت لە نێوان سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی كەركوكدا”.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بافڵ ئاماژەی بە بەرنامە سیاسی و خزمەتگوزارییەكانی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە كرد و رایگەیاند، هەوڵەكانمان بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانییە لە ناوچەكە، خزمەتكردنی كەركوك و داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی خەڵكە خۆڕاگرەكەی ئەركی ئێمەیە، ئێمە لەسەر رێرەوی سیاسەتە دروستەكەی سەرۆك مام جەلال هەنگاودەنێین كە خۆی لە پاراستنی مافی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتە رەسەنەكانی كەركوك دەبینێتەوە و بە هەمووشێوەیەك پەراوێزخستن و جیاكاری رەتدەكاتەوە.

سەرۆك بافڵ داوای لە كەركوكییەكانیش كرد وەكچۆن لە رابردوودا مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و شانازیتان نووسیووەتەوە، ئێستاش بە هەمان رۆحییەتەوە بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە هەڵبژێرن. دەنگ بە لیستی 142بدەن و شانازییەكی تر لە مێژوودا تۆماربكەن و بەرگری لە كوردستانیبوونی كەركوك بكەن.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیەكی كراوە بەڕێوەچوو و لە بەرامبەر سەرنج و پێشنیارەكاندا سەرۆك بافڵ وتی، “كەركوك لە دڵماندایە و ماڵی هەموو كەركووكییەك، ماڵی من و یەكێتیشە و ئێمە هەرگیز كەركوكمان جێنەهێشتووە و هەمیشەش هەر وادەكەین، ئێستاش بە سەركەوتنی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، مێژوویەكی دیكە بۆ یەكێتییەكەمان دەنووسینەوە و لە قەڵا دێرین و سەربەرزەكەی خۆتانەوە مژدەی سەركەوتن رادەگەیەنین.

بابەتی پێشتر

هەشت رۆژ پشوو لە هەرێم راگەیەندرا

بابەتی دواتر

بەتەمەنترین ژنی ژاپۆن کۆچی دواییکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share