دارایی عێراق بڕیاری خەرجكردنی 700 ملیارەكەی دەركرد

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا دەستكردن بە ناردنی 700 ملیار دینار قەرزەكەی هەرێم ئاشكرادەكات.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، رۆژی هەینی نووسراوێكی دەركردووە تایبەت بە پێدانی قەرز بە بڕی 700 ملیار دینار بە حكومەتی هەرێم بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بە گرەنتی پارەیەکی پێشەکی کە پێشکەش بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکرێت تا دواتر لە پشكی هەرێم ببڕدرێت، پاش پابەندبوونی بە ماددەكانی یاسای بودجە.

دەشڵێت، “ئەمەش لە چوارچێوەی سووربوون لەسەر جێبەجێكردنی رێككارەكان بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023دا هاتووە، لەوانەش دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانی كەسانی شایستە، هەروەها وەک پشتڕاستکردنەوەی ویستی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پێویستییەكانی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و، جێبەجێکردنی چاکسازی دارایی بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوری”.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغداد لە لێدوانێكدا رایگەیاند، وەک نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم رۆژی ھەینی سەرجەم رێکارەکانیان سەبارەت بە ناردنی 700 ملیارەکە تەواوكردووە.

وتیشی، “بڕیارە رۆژی دووشەممە یاخود سێشەممە ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر ھەژماری بانکیی ھەرێم”.

حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی ناردنی ئەو پارەیە دەكات بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا چارەنووسی مووچەی مانگەكانی تشرینی یەكەم، تشرینی دووەم و كانونی یەكەمی ئەمساڵی مووچەخۆران نادیارە.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی جیهانی: کۆرۆنا کۆتایی بە ژیانی زیاتر لە 25 هەزار عێراقی هێناوە

بابەتی دواتر

فراوانكردنی دۆستایەتی و زامنكردنی كاریگەری<br> رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرزدەنرخێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share