مەزڵوم عەبدی: ئەگەر تورکیا هێرشبکات بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکەین

فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، ئەگەر تورکیا هێرشبکاتەسەر ڕۆژئاوا بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکەن و ڕوسیا دڵنیایكردوونەتەوە لەوەی ڕێگە بە هێرشی تورکیا نادات.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە لەبارەی هەڕەشەكردنی توركیا بۆ هێرشكردنەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، “ئامادەین بەرپەرچی بدەینەوە و بەرخۆدانێکی مێژوویی نیشاندەدەین”.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتی، “ئێمە ئامادەین و لە پێشتر بەهێزترین بۆ وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تورکیا، ئێمە پێمانوایە دەوڵەتی تورک لە شەڕدا سەرناکەوێت، ئێمە شەڕخوازنین، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هێرشبکات، بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکەین”.

سەرباری نیشاندانی ئامادەیی هێزەكانی ڕۆژئاوا بۆ بەرگری، مەزڵوم عەبدی جەختیكردەوە لەوەی ئامادەن کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربكەن و ڕایگەیاند، “ئامانجمان چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە لە ڕێگەی دیالۆگەوە، ئێمە هەوڵدەدەین لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەی ناوچە داگیرکراوەکانمان چارەسەربکەین، ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی دانوستانەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کێشەکانمان چارەسەربکەین”.

مەزڵوم عەبدی جەختیكردەوە كە ڕوسیا دڵنیایكردوونەتەوە لەوەی ڕێگە بە هێرشی تورکیا نادات و لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی تریشەوە وتی، “ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕژێمی سوریا تا ئێستا لە دژی هێرشی تورکیا هەڵوێستیان هەبووە، لەو باوەڕەشداین هەڵوێستی دژەهێرش بەردەوامدەبێت، بەڵام دەبێت بەهێزبکرێت و دەبێت تورکیا ناچاربکرێت پابەندبێت بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2019وە”.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی عێراق ئاماری نوێی تای خوێنبەربوون بڵاودەکاتەوە

بابەتی دواتر

باری تەندروستیی عەزیز گەردی ناجێگیرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share