راگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی

لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا یەكێتی و گۆڕان پرسى یەکخستنى نێوماڵى کورد و بژێویی ژیانی هاوڵاتیان و كاریگەریی قەیرانی دارایی لەسەری و پرسی هەڵبژاردنەكانان تاوتوێدەكەن.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەفدی باڵای ئەو حزبە سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن چەند بەرپرسێکی بزوتنەوەکە پێشوازییان لێکرا و کۆبوونەوە.

دوابەدوای كۆبوونەوەكەش لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ناوەرۆكەكەی خرایەڕوو، دەقەكەی:

راگەیەندراوى کۆبوونەوەى هاوبەشى بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان

رۆژى شەممە (2023/11/25)، وەفدێکى باڵاى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بە سەرۆکایەتیى بافڵ تاڵەبانى و شاندى یاوەرى لە مەکتەبى سیاسى، سەردانى مەکۆى سەرەکیى بزوتنەوەى گۆڕانیان لە شارى سلێمانى کرد و، لەلایەن شاندى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتیى مستەفا سەید قادر و شاندى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى پیشوازیان لێکرا. لە کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرێکى گرنگ و هەستیارى پەیوەندیدار بە ژیان و گوزەرانى خەڵک و دۆسیەى سیاسى، ئیدارى و ئەمنى ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

پرسى یەکخستنى نێوماڵى کورد و ئامادەکردنى نەخشەڕێگایەکى هاوبەشى کوردستانى بۆ پەیوەندى و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و حکومڕانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەسەر کرا، هەروەک جەختکرایەوە لەو پەشێوى و ئاڵۆزییانەى لە ناوچەکە هەیە، هەوڵبدرێت کورد نەچێتە سەنگەربەندى نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و ئارامیى هەرێمى کوردستان و هاوڵاتیان لەهەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت.

هاوکات دۆخى ژیان و بژێویى هاوڵاتیان و کاریگەریى قەیرانى دارایی لەسەر مووچەخۆران و مامۆستایان بەشێکى گرنگى کۆبوونەوەکەى پێکهێنا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئیتیحادى بگەنە خاڵى هاوبەش و رێککەوتن بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم و دابینکردنى مووچە لەکاتى خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لە سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ چارەسەرى کێشەکانى تەندروستى و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان.

کۆبوونەوەکە، هەڵوەستەى لەسەر پرسى هەڵبژاردنەکان کرد، هەردوولا جەختیان کردەوە لەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا ئەنجامبدرێت و ئاستەنگەکانى بەردەمى لاببرێن، بەتایبەت کە هەرێمى کوردستان لەبەردەم بۆشایی هەندێک لە دامەزراوە شەرعیەکانیدایە، هەروەها هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانیش لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و هەردوولا هاوڕابوون لە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست تا هانى زیاتری هاوڵاتیانى کورد بدات بۆ بەشداریکردنى کارا لە پڕۆسەکەدا.

یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان
​​​​بزوتنەوەى گۆڕان

بابەتی پێشتر

ناوەرۆكی كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

ئەو پۆلیسەی جۆرج فلۆیدی کوشت لە زیندان بریندارکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share