خانمە نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد نیاز عەبدوڵا، خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازادی رۆژنامەوانیی پێبەخشرا و رایگەیاند، خەڵاتەکەم پێشکەشی چوار سیمبولی ئازادیخوازی كوردستان کرد.
رۆژی 16ی ئەم مانگە لە شاری نیویۆركی ئەمریکا لەلایەن كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ، خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازادی رۆژنامەوانیی بە رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا بەخشرا.
نیاز عەبدوڵا، نووسەر و رۆژنامەنووس بڵاویکردەوە، “خەڵاتەكەم پێشكەشكرد بە چوار سیمبولی ئازادیخوازی كوردستان، كە بریتین لە: زیندانیانی بادینان، ژینا ئەمینی، سەڵاحەددین دەمیرتاش و مەزڵوم عەبدی”.
پەیوەست بە کاری رۆژنامەنووسیی نیاز عەبدوڵا دەڵێت، “سەختی و ئاڵنگارییەكانی بەردەم كاری رۆژنامەوانی هەرچەند زۆریش بن، دەكرێت وەربگێردڕێن بۆ ئازایەتی و بەردەوامی كاری زیاتر، بۆیە هەموو كۆڵنەدان و تێكۆشانێكی بەردەوام لەپێناو پاراستنی ئازادی رۆژنامەوانی و بنەماكانی دیموكراسی، بەرهەمدار دەبێت و دەكرێت ببێتە هۆی دروستكردنی گۆڕانكاری”.