چۆمان محەمەد: سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم لە پاشەكشێی راستەقینەدایە

ئالنگارییەكانی بەردەم یاسا و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێم تا دێت روو لە زیادبوونن، شارەزایەكی بواری یاسا دەڵێت، سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم لە پاشەكشێی راستەقینەدایە و لەو نێوەندەشدا سزادانی چالاكوانانی بادینان بە “پەڵەیەكی رەش” ناودەبات.

تاكڕەوی و دەستوەردان هەڕەشە لە شكۆی دامەزراوەكان و سەروەریی یاسا دەكەن و حكومڕانی دەخەنە بەردەم رەخنە. ئەم دۆخە ئەگەر لەماوەی ساڵانی رابردوودا ناوبەناو تیشكی خرابێتەسەر، ئەوا لەم چەند ساڵەی دواییدا بە زەقی دەبینرێن و بووەتە رەخنەی یار و نەیار.

‎چۆمان محەمەد، ‎رێكخەری ژووری یاسایی و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ‎دۆخی سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم وەك هاوتای دەسەڵاتەكانی دیكە، بەداخەوەم لە قۆناغێكی پاشەكشێی راستەقینەدایە، كە دەبوو ئەم نەخۆشییە دەسەڵاتی دادوەری نەگرێتەوە.

وتیشی، “هیچ پێوەرێكی سەروەریی یاسا لە كوردستاندا بوونی نەماوە، وەك چۆن سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریش لەمێژە رەخنە و قسەی جدی لەسەرە، یاسا چۆن سەروەر دەبێت، یاخود دەسەڵاتی دادوەری بەچ شیوەیەك سەربەخۆ بێت كە حیزبی دەسەڵات خۆی بە خاوەنی دادگا و یاسا و دەسەڵاتی دادوەری بزانێت، هەر خۆیان ماف بە خۆیان دەدەن لە ئاستی باڵاوە ئەو دادوەرانە دابنرێت كە حیزب ئۆكەیی حیزبییان پێدەدات”.

پێشیوایە حیزبە سیاسییەكان لە خەمی پێگە و شكۆی دادگا و دەسەڵاتی دادوەریدا نین، بۆیە پاشەكشێی سەروەربوونی یاسا و سەربەخۆ نەبوونی دەسەڵاتی دادوەری لە ئاستێكی مەترسیداردایە، بەچەشنێك گەیشتۆتە ئاستێك، هاوڵاتی باوەڕ و متمانەی بە دادگا نەماوە بەهیچ شێوەیەك، كە ئەمە مایەی خەمێكی گەورەیە و لێكەوتەی زۆر خراپی هەیە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگا و زیادبوونی تاوان و لاوازبوونی دامەزراوە ئەمنییەكان.

ساڵانێكە پرسی سەروەریی یاسا لە هەرێم لەسەر ئاستی نێردەی نەتەوە یەگگرتووەكان، نێردەی وڵاتان و رێكخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەكان كەوتووەتە بەردەم گازندە و داوای چارەسەركردنی دەكرێت.

لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لە ناوخۆشدا باس لە مەترسییەكانی دەكرێت، بەمدواییەش خودی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی بە روونی ئاماژەی پێدا و ئالنگارییەكانیشی شیكردەوە، وەك ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەو مەترسییانەی لەسایەی دەسەڵاتی تاكڕەوەیدا چەند ساڵێكە بەرۆكی هەرێمی گرتووە.

چۆمان محەمەد وتی، “كارەساتەكە لەوەدایە خەڵكانێك لەم دەسەڵاتە نکۆڵی دەكەن و وا بانگەشە دەكەن یاسا سەروەرە و دادگاكان سەربەخۆن، بەڵام دوایین پەیامی سەرۆكی هەرێم لەمیانی دەركردنی مەرسوم بۆ ژمارەیەك دادوەری نوێ زۆر بە روونی و ئاشكرا باسی لەمپەر و كێشەكانی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری كرد، ناوەرۆكی قسەكانی گوزارشت بوو لەو واقیعەی بەسەر كۆی دەسەڵاتەكاندا هاتووە بە دەسەڵاتی دادوەریشەوە، نەشیتوانی نکۆڵی لەو هەموو دەستوەردانانە بکات كە بەسەر كاری دادگاندا روودەدەن”.

هاوشانی دۆخی دادگاكان، پرسەكانی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێم و لەماوەی كابینەی نۆیەمدا پاشەكشەی كردووە و، جیاوازیی بیروڕای سیاسی بەسە بۆ دروستكردنی تۆمەت و خزاندنە زیندان.

رێكخەری ژووری یاسایی گۆڕان وتی، “ئازادیی رادەربرین لە هەرێم لە دۆخێكی یەكجار خراپدایە، لەلایەك بە رێنماییەكی وەزارەتی رۆشنبیری كۆتی ئازادیی رادەربڕین دەكرێت و ئەركی میدیاكاران قورستر دەكەن زیاتر چاودێری دەخەنە سەریان، لەلایەكی دیكە سزادان و حوكمی چالاكوانانی بادینان پەلەیەكی رەشە بەنێوچاوی دەسەڵاتی كوردی لە پرسی پاشەكشێی ئازادیی ڕادەربرین”.

ئەوەشی دووپاتكردەوە، بەداخەوە لە پرسی چالاكوانانی بادیناندا رەخنە و گلەییی زۆر گەورەش هاتەسەر دەسەڵاتی دادوەری و دادگاكانی كوردستان، سەرباری لێدان و سوكایەتی و گرتن و دۆسیە دروستكردن و مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان بە یاسای سزادانی عێراقی و خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لەبری یاسای رۆژنامەگەری، زۆر نمونە و زۆر پرس هەن بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن بۆ پاشەكشیی ئازادیی رادەربرین كە وەك رۆژی رووناك دیارن و قابیلی رەتكردنەوە نین”.

شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری دوایین نمونەی ئەو چالاكوانان كە سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی سزادانەكەشیان، بە بیانووی جیاجیا لە زیندان هێڵدراونەتەوە، ئەمەش بێ گوێدانە داوا ناوخۆیی و دەرەكییەكان بۆ ئازادكردنیان كە دواهەمینیان داوای رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی “ئەمنستی ئینتەرناشناڵ” بوو كە لە پەیامێكدا داوادەكات گوهدار زێباری و شێروان شێروانی ئازادبكرێن، كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2020ەوە دەستگیركراون.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ئازادكردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسەی بادینان، تۆمەت و سكاڵای دیكەیان ئاڕاستەكراوە كە ساختەن و بەهۆیەوە لە زیندان ماونەتەوە.

بابەتی پێشتر

شارەزایان گونجاوترین پلەی گەرمای ژوور بۆ باشترین خەوتن دیاریدەكەن

بابەتی دواتر

سودانی و ماكرۆن پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share