بەهۆی شکانی بۆری ئاوی سەرەکیی ماڵانەوە شەقامێکی سلێمانی تووشی داچوون بووە و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردووە، شارەوانی شارەکە هۆشداریی بە هاوڵاتیان و شۆفێران دەدات.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە،” بەشێکی شەقامی لای ترافیك لایتی نزیك سەیرانگای تاڤگە بەهۆی شکانی بۆری ئاوی سەرەکیی ماڵانەوە تووشی داچوون بووە، ئەوەش کەمێك ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردووە”.
ئاماژە بەوەش دەکات،” لە ئێستادا تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی سەرقاڵی چاککردنەوەی شەقامەکەن، هەر بۆیە داوا لە هاوڵاتییان و شۆفێران دەکەن بە وریاییەوە شەقامەکە بەکاربهێنن تا ئەو کاتەی کاری چاککردنەوەی شەقامەکە ئەنجامدەدرێت”.