پەرستارێکی ئەمریکی دوای ئەوەی یەکەم ژەمە ڤاکسینی دژە کۆرۆنای کۆمپانیای فایزەری وەرگرت، توشبوونی بە کۆرۆنا ڕاگەیاند و شارەزایانیش دەڵێن پێویستمان بە کاتێکی زیاترە بۆ دروستبوونی بەرگری لەش.
پەرستارەکە ناوی ماتیۆیە و تەمەنی 45 ساڵە و دوای هەفتەیەک لە وەرگرتنی ڤاکسینەکەی فایزەر توشی کۆرۆنا بووە و شارەزایانی پزیشکییش دەڵێن جەستە پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ دروستکردنی بەرگری.
دوای ئەوەی ماتیۆ هەستی بە ناجێگیری باری تەندروستیکردووە لە کاتی کارکردنی لە یەکەیەکی توشبووانی کۆرۆنا، دواتر سەردانی تاقیگەی کردووە بۆ پشکنین و دەرکەوتووە کە ئەنجامی پشکنینەکانی پۆزەتیڤ بوون و توشی کۆرۆنا بووە.
کریستیان ڕامرز، پسپۆڕی نەخۆشییە گواستراوەکان ڕایگەیاند، لە تاقیکردنەوەکانماندا دەرکەوتووە، بۆ دەستپێکردن و دروستبوونی بەرگریی جەستە پێویستمان بە 10 بۆ 14 ڕۆژ هەیە.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، “ئەو ژەمە ڤاکسینە بە ڕێژەی نزیکەی %50 بەرگری دروستدەکات، پێویستت بە ژەمی دووەم دەبێت بۆ ئەوەی بگاتە %95”.