ئیسرائیل یەکەم حاڵەتی نەخۆشیی فلۆرۆنای تۆمارکرد

میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە یەکەم حاڵەتی نەخۆشییەکیان تۆمارکردووە بەناوی فلۆرۆنا، کە نەخۆشییەکە تێکەڵەیەکە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلوەنزا.

بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەو حاڵەتەی تۆمارکراوە ژنێک بووە کە لەم هەفتەیەدا چووتە سەنتەری ڕابینی پزیشکی بۆ لەدایکبوون و دەرکەوتووە ئەو تووشی ئەو نەخۆشییە بووە.

پزیشکانی چاودێریکەری ژنە تووشبووەکە ڕایانگەیاندووە، ئەو ژنە تووشبووە تائێستا ڤاکسینی کۆرۆنای وەرنەگرتووە، بەڵام دۆخی تەندروستیی جێگیرە، نیشانەکانی بەسوکی تێدا دەرکەوتووە.

لەوبارەیەوە پرۆفیسۆر ئارنون فیجنیتزەر پسپۆڕ لەنەخۆشییەکانی ژنانی دووگیان و لەدایکبوون دەڵێت، ئەو ژنە تووشبووە نیشانەکانی بەقورسی تێدا دەرنەکەوتووە، لەکاتێکدا دەرکەوتووە ئەو نەخۆشیەی تووشبووە کە بەمەبەستی دڵنیایی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلوەنزا پشکنینی بۆکراوە و دەرکەوتووە تووشی هەردووکیان بووە.

ئاماژەی بەوەکردووە وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکە دەکات، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەگەری تووشبوون بە هەردوو ڤایرۆسەکە و مەترسییەکانی دەکات.

بەرپرسانی تەندروستیی ئیسرائیل دەڵێن، ئەگەری هەیە تووشبووی دیکەی نەخۆشییەکە هەبێت بەڵام دەستنیشان نەکراون.

ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا ئیسرائیل هەڵمەتی کوتانی بە ژەمی چوارەمی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەستپێکردووە بەمەبەستی ڕێگریکردن لەمەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی کوردستان دەچێتە پشووی پاییزەیەوە

بابەتی دواتر

بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە دێرەزور بۆردومانکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share