پەرلەمانتارێک: هەرێم سەرجەم داهاتەکان ڕادەست نەکات تەنها یەک دیناریشی لە بودجەی 2021 پێنادرێت

مەنسور بەعیجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی کانونی یەکەم ڕایگەیاند ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە ڕادەستکردنی سەرجەم داهاتەکان بە حکومەتی ناوەندی، لە ساڵی داهاتوودا بە هەمووشێوەیەک بێبەشدەبێت لە بەشە بودجە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا مەنسور بەعیجی ڕایگەیاند، لە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستاندا کە یەکەم سەردانیان نەبوو و کۆتا شاندیش نابێت، هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە لە نێوان شاندەکە و حکومەتی عێراقی”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەرێمی کوردستان پێویستە بەباشی لەوە تێبگات بەبێ ڕادەستکردنی داهاتەکان هیچ بڕە پارەیەکی لە ساڵی داهاتوودا بۆ ڕەوانە ناکرێت” و دەشڵێت، “ئەگەر هەرێم سەرجەم داهاتەکان  ڕادەستی حکومەتی عێراق نەکات تەنها یەک دیناریشی بۆ ڕەوانە ناکرێت، هەروەکچۆن لە یاسای قەرزدا پەرلەمان دەنگی لەسەردا و تێیدا هاتووە دەبێت هەرێم پێشوەخت داهاتەکەی ڕادەستبکات دواتر شایستەکانی بۆ ڕەوانە دەکرێت هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە”.

باسیلەوەکردووە، “پێویستە گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان ئەوە بزانن کە ئەوەی موچەکانیان دەبڕێت حکومەتەکەی خۆیانە، چونکە پابەند نابێت بە یاسا و دەستوور و داهاتەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی ناکات، بەپێچەوانەوە حکومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەی وەردەگرێتەوە، داهاتی گومرگەکان و فڕۆکەخانەکان وەردەگرێت و کەسیش نازانێ بۆ کوێ دەڕوات”.

ئاشکراشیکرد، “هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغداد بەشێوەیەکی کۆتایی نەکراوە بەهۆی پابەند نەبوونی هەرێمی کوردستان بە مەرجەکانی حکومەتی ناوەند، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی بەرپرسیارێتییە دەستورییەکانی بەرامبەر گەلەکەی هەڵبگرێت”.

ئەمە لەکاتێکدایە شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 9ی کانونی یەکەم سەردانی بەغدادی کرد و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، لایەنە سیاسییەکان و بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی 23ی کانونی یەکەم گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتوینەتە ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2021دا”.

بابەتی پێشتر

لاپۆرتا: پۆستەرەکەم لە مەدرید بیری شەش گۆڵەکەیان دەخاتەوە

بابەتی دواتر

..بۆچی لەم وەرزەدا 20 خاڵیان لەدەستداوە؟ بەرشلۆنە لەسەر هەڵەکانی بەردەوامە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share