لاپۆرتا: پۆستەرەکەم لە مەدرید بیری شەش گۆڵەکەیان دەخاتەوە

خوان لاپۆرتا بەڵێنی گەڕانەوەی ململانێی نێوان ڕیاڵ و بارسا دەدات، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بارسا دەربچێت

خوان لاپۆرتا، پارێزەر و کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە لە چاوپێکەوتنێکدا مەبەستی هەڵواسینی پۆستەرە گەورەکەی بەرانبەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید ئاشکرادەکات.

لاپۆرتا چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی دانی سینابری یان “دانی زە جەنگڵ” لە پلاتفۆرمی “یو تیوب” ئەنجامدەدات، تیایدا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەربارەی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە دەداتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵواسینی پۆستەرێکی گەورەی خۆکاندیدکردنی لە شاری مەدرید و بەتایبەت بەرانبەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لاپۆرتا دەڵێت، ” پۆستەرەکە لە دڵی مەدرید نمایشکراوە، وەک ئەوەی پێیان بڵێم دەگەڕێمەوەو دەمەوێت شەش گۆڵی دیکە لەسەرتان تۆماربکەم”.

لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە بوو کاتێک لە دووی ئایاری 2009 لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی (6-2) بردنەوەیان بەرانبەر لۆس بلانکۆس تۆمارکرد.

سەرۆکە ناودارەکەی بارسا ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت، ” پۆستەرەکە واتای بوێری و ئامادەباشی و ئەزمون دەبەخشێت، دەمەوێت بەڕێزەوە ململانێکان دەستپێبکەینەوە وەک دوو یانە کە ڕێزی یەکدی دەگرن، بە پێچەوانەی بارودۆخی داراییەوە پێویستە ئەو ململانێیە لەڕووی وەرزشییەوە دروستبکەینەوە”.

هەروەها لە بارەی مێسی و بەردەوامبوونیەوە دەڵێت، ” مێسی یەکێکە لە سەرچاوەکانی داهات بۆ بەرشلۆنە، دڵنیام لەتوانامدایە قەناعەتی پێبکەم لە یانەکەمان بەردەوامبێت، دەتوانم بیگەڕێنمەوە سەر ململانێکردن بۆ نازناوەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ”.

لاپۆرتا لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2010 پۆستی سەرۆکایەتی یانە کەتەلۆنیەکەی بەدەستهێنا، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا دووجار لە گەڕانەوە بۆ هەمان پۆست شکستیهێنا، لەم وەرزەدا و دوای دەستلەکارکێشانەی بارتۆمیو جارێکی تر خۆی کاندیدکردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

یوڤانتۆس نیشانەی لە سێ هێرشبەری ناودار و هەرزان گرتووەتەوە

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێک: هەرێم سەرجەم داهاتەکان ڕادەست نەکات تەنها یەک دیناریشی لە بودجەی 2021 پێنادرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share