..بۆچی لەم وەرزەدا 20 خاڵیان لەدەستداوە؟ بەرشلۆنە لەسەر هەڵەکانی بەردەوامە

یانەی بەرشلۆنە لە حەوت ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم وەرزەدا بە هەڵەی بەرگریکاران 20 خاڵی لەدەستداوە

یانەی بەرشلۆنە لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەدا بەرانبەر یانەی ئیبار یەکسانبوونی تۆمارکرد و دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا، هۆکارەکانی ئەم ئەنجامانەش هەمان ئەو هۆکارانەن کە لە سەرەتای وەرزەوە تاوەکو ئێستا چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی شیکارییەکی بۆ شێوە یاریکردنی بەرشلۆنە کردووە بەرانبەر ئیبار و ئاشکرایکردووە، چەندین یاریزانی پێکهاتەی کومان بەتایبەت لە هێڵی ناوند جموجۆڵی زۆریان کردووە، بەڵام لە ڕووی هێرشبەرییەوە هیچ سوودێکیان نەگەیاندووە، لە نمونەی دی یۆنگ، پیانیچ، گریزمان، تەنانەت سێرجینیۆ دێست جموجۆڵەکانی بەبێ تۆپ ناوازەبوون، بەڵام لە پڕۆسەی هێرشبردن و ڕەخساندنی هەلەکانی گۆڵکردندا سوودیان نەبووە.

لەم وەرزەدا یانەی بەرشلۆنە 20 خاڵی لەدەستداوە، هەمان ئەو کەموکورتییە هونەری و وەرزشیانەی لەسەرەتاوە بەدیکراون تاوەکو ئێستا بەردەوامن، ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەر نەیتوانیوە مامەڵەیەکی باشی لەگەڵدا بکات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە بەوپێیە زیاتر تاکە کەسین، نەک تاکتیکی و بەکۆمەڵ.

بەپێی داتاکانی مارکا، لە تایمی دووەمدا و دوای بەکارخستنی عوسمان دیمبیلی بارودۆخەکە گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، بەڵام ئەم یاریزانە بەتەنها بەس نەبووە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەنجامەکە و هێڵی ناوەند لەسەر نەزۆکی بەردەوامبووە.

https://www.youtube.com/watch?v=k3T-SLvrrzY

یەکێک لەو یاریزانانەی باشترین ئاستیان پێشکەشکردووە ڕۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری لاو بووە، بەڵام لەهەمان کاتدا هەڵەی کوشندەی ئەنجامداوە و گۆڵێكی پێشکەشی ڕکابەرکردووە، کە ئەوەش هەموو هاوکێشەکە بەسەریدا پێچەوانە دەکاتەوە، تەنانەت داتاکان دەریدەخەن ئاراوخۆ لە جموجۆڵی هێرشبەریدا لە دی یۆنگ و پیانیچ کاراتربووە، لەلایەکی دیکەوە لانگلێت و جونیۆر دوو تۆپی دیکەی مەترسیداریان لەدەستداوە، هەموو ئەم هەڵە تاکەکەسیانەش چانسێکی گەورەیان بە ڕکابەرداوە.

لە کۆی لێکدانەوەکان ڕۆژنامەی مارکا نوسیویەتی، هەڵەی بەرگریکاران و کارانەبوونی ناوەندی هێرشبەری کاریگەری لەسەر ئاستی بەرشلۆنە دروستکردووە و ئەم دیاردەیەش نوێ نییە، بەڵکو لەسەرەتای وەرزەوە بەردەوامە، دیاردەکە لەم وەرزەدا حەوتجار ڕوویداوە، هەر کاتێکیش گۆڵی پێچەوانەیان لەسەر تۆماردەکرێت چانسی گەڕانەوەیان بۆ دروستدەبێت و لەدەستیدەدەن.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێک: هەرێم سەرجەم داهاتەکان ڕادەست نەکات تەنها یەک دیناریشی لە بودجەی 2021 پێنادرێت

بابەتی دواتر

چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی: تاوانەکان بەراورد بە ساڵی پار کەمیان کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share